ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
ماوەیەکە دیاردەی کۆچکردن بۆ ووڵاتانی رۆژئاوا سەری هەڵداوە کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی روویان کردووەتە بیلارووسیا بەو ئومێدەی بتوانن مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرن.
بەشێک لەو هاووڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێک قاچاغچی و هەندێ کۆمپانیای گەشت و گوزار و هەندێک بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنە روو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو ووڵاتانە بەهێزتر بکەن.
هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و ئازادی تاکەکان بۆیەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی و ووڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکانی تری عێراق سوودیان لەو کەشە ئارامەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە پەنایان بۆ هێناوە. هەروەها لە رووی دەرفەتەکانی باشترکردنی ژیان، هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە شوێنی سەردانی خەڵکی دەرەوەی هەرێم و ئەوەش دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کاری زۆرتر رەخساندووە و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندن لەو بەرەوپێشچوونە.
ئەو هاووڵاتییانەی ئێستا لە بیلارووسیا گیریان خواردووە پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و بە رێگایەکی یاسایی و گەشتی ئاسایی سەفەریان کردووە بۆ گەیشتن بەو ووڵاتە، ئەوجا پەڕینەوە بۆ ووڵاتی دیکە. هەروەها هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادی کەسی ناچار نەبووە گەشت بکات. ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی ئازادانە گەشتیان بۆ ووڵاتانی تر کردووە، ئەگەر ئازادی تاکەکەسی نەبوایا نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی ئاسایی لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانەوە گەشت بکەن. ئێمە پشتگیری لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەر مرۆڤێک دەکەین بۆ گەشتکردن، بەڵام هەموو ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بە دروست نازانین و داواش دەکەین لە رووی مرۆییەوە رەچاوی بارودۆخی ئەو خەڵکە بکرێت کە لەسەر سنوورەکان گیریان خواردووە و هاووڵاتییانی ئێمەش نەبن بە قوربانی کێشە نێودەوڵەتییەکان و کەسیش بازرگانی بەو بابەتەوە نەکات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
14ی تشرینی دووەمی 2021
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە