ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى كازمى ده‌كات

پەیامی کورد     ...   ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى كازمى ده‌كات

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا له‌سه‌ر هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كه‌ى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر هاته‌ده‌نگ‌ و داواكاریه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات، ده‌شڵێت:"بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەو باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە".
له‌ڕاگه‌ێندراوێكدا ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم ڕایگه‌یاند، "وا بۆ چەندین جارە لەشوێنێکی دیاری سنووری شارۆچکەی حەمدانیە، کە دەکەوێتە نێوان بارەگای فەوجی مەغاویری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەواو بارەگای چەکدارانی عەسائێب لەبەرتەلەو بارەگای لیوای ٣٠ی حەشدی شەبەک، لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکان هێرشی مووشەکی دەکرێتەسەر هەرێمی کوردستان".
باسى له‌وه‌شكردووه‌، ئەو شوێنانە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵین‌و دوورنین لەبارەگا جێگیرەکانی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی.
له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ هاتووه‌، "داوا لەسەرۆک وەزیران‌ و حکوومەتی فیدراڵی دەکەین، ئەو ناوچەیە کە بووەتە پەناگەو شوێنی هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان، لەو تیرۆریست‌و چەتانە پاک بکەنەوەو ئارامی‌و سەقامگیری دەستەبەربکەن".
هۆشداریش ده‌دات‌ و ده‌ڵێت:"بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەو باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە".
له‌كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ باسى له‌وه‌ش كردووه‌، "لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەماهەنگی دەکەین بو ڕووبەڕووبوونەوەیان‌و کۆتاییهێنان بەم کردارە تێکدەرانە".
ئه‌مشه‌و شەش مووشەک لەنزیک زێی بادینان لەسنووری قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە كه‌ لە سنووری ناحیەی بەرتلەی سەر بەقەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا ئاراستەى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر کراون.


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە