ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات : پێویستە ئەمریکا پێش کشانەوەی لە ڕۆژئاوا ئاگاداری بدات و هەنگاو بە هەنگاو بێت نەک لە ناکاو
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات : پێویستە ئەمریکا پێش کشانەوەی لە ڕۆژئاوا ئاگاداری بدات و هەنگاو بە هەنگاو بێت نەک لە ناکاو
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لە واشینتۆن رایگەیاند، پێویستە ئەمریكا بەرلەوەی بڕیاری كشانەوە لە سووریا بدات كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە بڕیارەكەی ئاگاداربكاتەوەو كشانەوەشی پێویستە هەنگاو بەهەنگاو بێت نەك خێراو دەستبەجێ.
بەسام سەقەر، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لە واشینتۆن رایگەیاند، ئەمریكییەكان دەڵێن تاوەكاو كۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە سووریا دەمێننەوە بەڵام ئێمە نازانین دەمێننەوە یان نا.
وتووشیەتی، ئەگەر دەیانەوێت بكشێنەوە دەبێت كشانەوەكەیان هەنگاو بە هەنگاو بێت نەك دەستبەجێ و خێرا هەروەها دەشبێت پێشتر ئێمە ئاگادار بكەنەوە.
بەسام سەقەر جەحتی كردۆتەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی سووریا دەبێت چوونكە "بۆشایی" درووست دەكات لەگەڵ ئەوەش پێی وایە ئەمریكییەكان تا ئەو كاتەی كۆتایی بە شەڕی داعش دەهێنن، لە سووریا دەمێننەوە.
هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، نوێنەرەكەی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات، لەگەڵ ئەوەی باشی لەوە كردوە كە ئەمریكییەكان فشار لە ووڵاتان دەكەن بۆ ئەوەی بەندكراوانیان لە كەمپی هۆل ببەنەوە، بەڵام راشیگەیاندوە كە پێویستە ئەمریكییەكان پرسی كەمپی هۆل بەر لە كشانەوەیان چارەسەر بكەن كە دەستگیركراوانی داعشی تێدایە، چوونكە "بۆمبێك" و كێشەیەكی مەترسیدارەو هەڕەشەیە نەك تەنها بۆ كوردانی سووریا بەڵكو بۆ سەرجەم جیهان.
هەروەها ئاژەی بەوەشداوە كە كوردانی سووریا دەیانەوێت واشینتۆن بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنیان چ بۆ شەڕی داعش و چ بۆ هەوڵەكانیان لە بەدیهێنانی سەقامگیری لەناوچەكەیان.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە