ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی پەسەند کرد

پەیامی کورد   ...   ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی پەسەند کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدرال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستوورو، لیژنەی دانووستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبوونەوە وگفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجوومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاری پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکی یاسایی و دەستووریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی وداهات و میلاکی وەزیفی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون.

پاشان لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، کورتەیەک دەربارەی ڕاپۆرتی ژمارە ( 3 )ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یاسای چاکسازی خرایەڕوو، کە بەم دواییانە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و لە هەشت بەشی سەرەکی پێکهاتووە لەسەر بنەمای ماددە وبڕگەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 سەبارەت بە بەرەوێشچوون وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە کە بەشێکی گرینگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە. بڕیاریشدرا حەفتەی داهاتوو ، هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندی و بە ژمارە وزانیاری پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە بواری چاکسازی ئاگادار بن.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای  هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداری خوشک وبرایانی کریستیان، کۆنووسی لیژنەکەی خستەڕوو کە چەندین بڕیار وپێشنیاری لەخۆگرتبوو، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک، بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەک باش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێم،  بەردەوام دەبێت لەپاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە ناویشیاندا هاووڵاتیانی کریستیانی ئەم هەرێمە، کە ڕێزگرتن و لێبوردەیی وبەیەکەوەژیان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێمی کوردستانن و جێگەی شانازیمانە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی بکەن لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كریستیانەکان یان هەر هاووڵاتییەکی دیکە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵک بکات .  ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە 5 ساڵی  2015 لە ناویشیاندا خوشک وبرایانی کریستیان وەک هاووڵاتی ڕەسەنی کوردستان کردەوە.

لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 ی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک: پێشینەی خانووبەرە ، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچووک ، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسم . ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە