ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

پەیامی کورد  ...  ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

چوارشەممە 12/20، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەم دا، دوایین پێشهاتەکانی هەردوو دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، دووپاتیان کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بوودجەی گشتی فیدڕاڵ تاکوو ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبەرانبەریش دا هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی ووردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاری تەواوی پێشکەش کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانیان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیاریەتی حکوومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسی یەکەمی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێکخستنی مووڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریکردنە لە هاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە هەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاکوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە.

لە کۆتایی دا عەبدۆڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، چەند پێشنیارێکی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو کە تایبەت بوو بە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراوی خۆیان بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی ئەوانەی کە شایستەن و هەروەها ڕێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر تیشکی حوکمەکانی پەیڕەوی ژمارە(4)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکانی پەسەند کرد و وەزارەتیشی ڕاسپارد لە هەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵە.


ئەم بابەتە 12001 جار خوێندراوەتەوە