ئەنجوومەنی وەزیران " ستراتیژی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان " پەسەند دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئەیلوولی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی ئەنجوومەنی باڵای ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد. ئامانج لەم پەیڕەوە، دەستنیشانکردنی پێکهاتە وئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی وەزارەتە لە ناویشیاندا باشتر بەڕێوەبردنی موڵکە وەقفییەکان و وەبەرهێنانیان و بەرەپێشبردنیانە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی داهاتی موڵکە وەقفییەکان، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەکارهێنانەوەی داهاتیان، بۆ ئەو مەبەستە خێرخوازییانەی کە موڵکەکانیان، لە پێناودا وەقف کراوە.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕەشنووسی (پڕۆژە یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی کڕین و فرۆشتن و هەڵگرتن ومامەڵەکردنە بە چەک. دوای کفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی، پڕۆژە یاساکە، بە لەبەرچاوگرتنی سەرنج و تێبنییەکان، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، پەسەند کرا ، کە بایەخی زۆری دەبێت لە ڕووی ڕێکخستنەوەی هەڵگرتن و مامەڵەکردن بەچەک ونوێکردنەوە و تووندکردنی مەرجەکانی پێدانی مووڵەتی هەڵگرتنی چەک، بە تایبەتیش کە یاسای ئێستای چەک، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 و ناگونجێت لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئێستا و سنووردارکردنی زیادبوونی دیاردەی چەکداری و حاڵەتەکانی تاوان.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ( پڕۆژەی ستراتیژی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 2021-2025 ) کە لە لایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە پلانێکی گشتگیری دەسەڵات و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانە، لە پێناو حوکمڕانییەکی باشتر و شەفافتر، بە ئاراستەی ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی، کە یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی هێڵە گشتییەکانی، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری دەستەی دەستپاکی، ستراتیجییەکەی پەسەند کرد، دواتر دەستەی دەستپاکیی لە هەرێمی کوردستان، میکانیزم و شێوازی جێبەجێکردنی، بە هەماهەنگی لە گەڵ دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، دیاری دەکات بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی.
بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاسپاردەی دامەزراندنی ئەنجوومەنێک بوو بە ناوی ( ئەنجوومەنی متمانەبەخشین بە ناوەندەکان و پرۆگرامەکانی خوێندن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ) کە لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرابەڕوو. ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە، دانانی ستانداردی گونجاوە بۆ چەسپاندنی متمانەبەخشین، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لە گەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی و دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، هێڵە گشتیەکانی دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە ئامادەبکەن، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە