ئەنجوومەنی وەزیران سێ بڕیاری لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان دەرکرد

پەیامی کورد    ...   ئەنجوومەنی وەزیران سێ بڕیاری لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان دەرکرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دا سێ تەوەری تاوتوێ کرد و چەند بڕیارێکی گرینگی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان دەر کرد.

چوارشەممە ١٩ـی ئاداری ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادە بوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنەکەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی ھاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ٢٧٢٥ و ھیوای خواست، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر سزای سەرپێچی ھاتووچۆ، ھاوکات بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەپێناو یارمەتیدانی ھاووڵاتییان، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی داشکاندن بە ڕێژەی ٢٠%ـی لە سزای سەرپێچی ھاتووچۆ تاوەکوو ڕێککەوتی ٣٠ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ.

ھەروەھا ئەنجوومەنەکە، وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بە دابینکردنی مووچەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانی کە بە گرێبەست یان بە ھەمیشەیی لە ٢٠٢٤ دامەزراون و تا ئێستا مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ نەبەستراوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژەی ڕاسپارد، کاری پێویست بۆ ئەم دەرچووانە بکەن و ئەنجامی ھەوڵەکانیان لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنەکە بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی دامەزراندنیان بدرێت.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە