ئەنجوومەنی وەزیران لە کێشە وبەربەستەکانی بارودۆخی کارەبا و پێشنیار و پڕۆژەکانی وەزارەت دەکۆڵێتەوە

پەیامی کورد     ...     ئەنجوومەنی وەزیران لە کێشە وبەربەستەکانی بارودۆخی کارەبا و پێشنیار و پڕۆژەکانی وەزارەت دەکۆڵێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نیسانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنیان لە ئاستێکی باڵا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری و ووزەو بازرگانی و پەروەردە و تەندرووستى و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو ووڵاتە خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا کە لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای دیکەی بەریتانیا، ئامادە‌یی خۆیان دە‌ربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پشتیوانیکردن و ھە‌ماھە‌نگیكردن لە‌گە‌ڵ ھە‌رێمی كوردستان لە‌بوارە‌ جیاوازەكاندا، بەو ئاراستەیەش ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی، بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ ئەو دۆسیانەی لەو سەردانە فەرمیە بۆ بەریتانیا گفتوگۆیان لەسەرکرا و بۆ ئەو مەبەستەش، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاسپێردران بۆ کاری هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکان و بەدواداچوون بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەرئەنجامی ئەو سەردانە فەراهەم بوون بۆ هەرێمی کوردستان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ) کە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکوو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریب کردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزی ئەکادیمی و زانستی لە ڕێگەی رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانە بەخشین وپشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە وخوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان وبرەودان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێت و لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنج وتێبینیانەی خرانەڕوو ، ئامادەبکرێت بۆ دەنگدان لە سەری لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان و پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا و پڕۆژەکانی کارەبا بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی هاوین کە لە لایەن کەمال ساڵح وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێک خرایەڕوو، کە تێیدا کۆی کارەبای بەرهەم هاتوو بە مێگاوات لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر شارەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری کارەبا ڕوونکردەوە. لە کۆتاییشدا بەربەستەکانی بەردەم وەزارەتی خستەڕوو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەکردنیان.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سامانە سرووشتیەکان ، پلاندانان، دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی ڕاسپارد کە هەماهەنگی پێویست بکەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بڕیاردرا حەفتەی داهاتوو ڕێککەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە