ئەنجوومەنی وەزیران نەخشە ڕێگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تاووتوێ دەکات
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران نەخشە ڕێگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی تشرینی دووەم، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە تیمی وەزاری پارتی کرد، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی . پاشان دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، بەناوی تیمی وەزاری یەکیتی نیشتمانی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکی تیمی وەزاری گۆڕان، بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەن، پیرۆزباییان لە تیمی وەزاری پارتی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەیوەندی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی موحەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاری)ی کابینەی نوێ دا هاتووە و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسیەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).
دوای تاووتوێکردنی ئەم بڕگەیە، بڕیاردرا شاندی دانووستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لەم بەڕێزانە پێکبێت، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.
لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە