ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپارد
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپارد
چوارشەممە 30ی نیسانى 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانووستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ، لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ووردەکاری تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا کە بەرەوپێش چوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانی دانووستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەش دا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانووستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کات دا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە بڕگەی دووەم دا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر تیشک خستنە سەر یاسای خانەنشینی گشتی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدۆلحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە زوو بەجێ گەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕایی کردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی شایستەکانیان دوا نەکەوێت.
30 نیسان 2025
ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە