ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پارێزگاری لە دامەزراوە نیشتیمانییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پارێزگاری لە دامەزراوە نیشتیمانییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیران ەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهید، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کولێجی یاسا لە زانکۆی سەلاحەددین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئیدریس حەمە خان مامۆستا لە کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە ڕێکاری پێویست وەربگرن لە بەرامبەر ئەم تاوانە و لە هەمانکاتدا ڕاشسپێردراون بە کۆکردنەوەی چەکی بێ مووڵەت، هەروەها پێویستە دادگاکانیش پەلە بکەن لە ڕێکارە یاسایی و قەزائییەکان بەرامبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تا تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەکەنەوە.
پاشان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەند بارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا كرد، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووری هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن . ئاشکراشە کە حکوومەتی فیدڕاڵی، بە بێ هیچ پاساوێکی قانونی و دەستووری، هەرێمی کوردستان بێ بەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی ٢٦ مانگ، تا ئێستا تەنیا بۆ ماوەی ١٣مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا دووسەد ملیار دینارە ناردووە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بوودجەکەمان داشکاندووە. ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیارییەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجی و قەرز ومیلاکی وەزیفی ، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە. ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی نەوت دەکات کە فشاری ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت وگاز لە هەرێم ڕابگرن، کە دەبوو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵی، پشتیوانی پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم بن، نەک فشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە. هەروەها حکوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵی ئامادەکارییە.
دواتر جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لەوە کرد کە زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی ووردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت. ووتیشی: ھێرشەكان كراونەتە سەر پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا گاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاووڵاتییان.
ئەنجوومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەختی لە گرینگی هەماهەنگی كردن لە گەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێدانی زانیاری کردەوە ، داواشی کرد دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان ، لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا، بەرپرسیارانە و پیشەییانە ڕەفتار بکەن و لە چوارچێوەی ڕێنمایی و ستانداردەکانی ڕۆژنامەوانی کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن و پشێوی و تووندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی .
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای ڕوونکردنەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران کرابوو.
وەزیرە پەیوەندیدارەکان، ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی هۆکارەکانی نەناردنی پڕۆژە یاسای بوودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ، ئاماژەی بە هەوڵی وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پلاندانان دا بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە بوودجەی هەرێم کە لە پێشەنگی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم بووە. وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا بەوپێیەی یاسای بوودجەی فیدڕاڵی کاریگەری دەبێت لەسەر بوودجەی هەرێم و ئەمساڵ حکوومەتی فیدڕاڵیش تا ئێستا یاسای بوودجەی نییە، ئەمەش وای کردوە کە تا ئێستا پڕۆژە یاسای بوودجەی هەرێم، وەک ڕەشنووس بمێنێتەوە، هەرچەندە لە ڕووی بەشی داهات و خەرجییە گشتیەکانی ناو پڕۆژە بوودجە کاری جیددی کراوە، بە تایبەتیش کە تیمێکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بۆ یەکەمجار ئەو خەرجییانەیان ووردبینی کردووە. ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان و وەزارەتەکانی دیکە و ئاماژەدان بە گرینگی و بایەخی یاسای بوودجە بۆ خستنەڕووی تەواوی داهات و خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و میلاکی وەزیفی، بڕیاریدا پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕاپۆرتە ئاگاداربکاتەوە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.
لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە تایبەت بوو بە دانانی چەند ڕێکار و پێوەرێک لە لایەن وەزارەتەکان لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کار و پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ وپەیمانگاکان، بە جۆرێک وابکرێت دەرفەتەکانی کارکردن بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت کە ڕێگە بگیرێت لەوەی کەسێک سوودی زیاتر لە یەک دەرفەتی کار وەرگرتووە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییانی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکان بێ کارن و هیچ دەرفەتێکی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە، ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بە ئاراستەی پشتیوانی لە هەر بیرۆکە وپڕۆژە و ڕێکار و کارئاسانییەک کە ببێتەهۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاووڵاتیان بە تایبەتی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەرتی تایبەت، بڕیاردرا کە پێشنیاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩١ مامەڵە بکرێت و وەزیرەکان، ڕاسپێردران دەسەڵاتی خۆیان کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی برەخسێندرێت.
29 حوزەیران 2022
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە