ئەنجوومەنی وەزیران : پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ کۆتایی بە نادادی بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بهێنێت و شایستەکانیان خەرج بکات

پەیامی کورد  ...  ئەنجوومەنی وەزیران : پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ کۆتایی بە نادادی بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بهێنێت و شایستەکانیان خەرج بکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەناوی ئەنجوومەنەوە ، بەخێرهاتنەوەی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کرد بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن و دەستبەکاربوونەوەی لە کار و ئەرکەکەیدا.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی لووتکەی گۆڕانی کەش وهەوا خستەڕوو کە لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات ئەنجامدرا.
لە بڕگەی یەکەمدا، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەکانی بەشە بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان كرا لە دوا سەردانی شاندی دانووستانکار هەرێم بۆ بەغدا لە حەفتەی ڕابردوودا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
شاندی دانووستکار ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا کە سەرەڕای دروستبوونی لەیەکترگەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناکۆکی سیاسی و پابەندییەکان جیابکرێتەوە و دەبێت بڕە پارەکانی هاتوو لە خشتەکانی بوودجە، وەک خۆی خەرج بکرێت و بە هیچ شێوەیەک پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەکرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت.

شاندی دانووستانکار ئاماژەیان بەوە دا کە لە دانووستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات ، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە .

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدرال دەکات کە لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بوودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی ئێستا و ناکۆکی نەوتی و داهاتی نانەوتی. هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیە پێکهێنەرەکانی کابینەی موحەمەد شیاع سوودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بوودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بووجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن.

لە لایەکی دیکەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکوومەتی فیدڕاڵی جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفی هەرێم كردووە ، جیا لەوەش، هەرێم پابەندی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکوومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکوومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووندوتیژی دژی ژنان پێشکەش کرد . هەروەها ئاماژەی بە هۆکارەکانی تووندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەرکردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەموولایەک هاوکار بن لەپێناو جێبەجێکردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان

سەرۆک وەزیران جەختی لە گرینگی پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و گرتنەبەری ڕێکاری تووند و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو تاوانبارانەی کە تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن کردەوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لەمبارەیەوە بکرێت. سەرۆک وەزیران دامەزراوەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە هەڵمەتێکی بەرفراوانی هوشیارکردنەوە بۆ بنبڕکردنی تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدەن.
پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە ڕووبەرڕووبوونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی کرد کە لە ڕاپۆرتەکە و کۆبوونەوە خرانەڕوو، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕووبەڕوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەش کە کار لەو بوارەدا دەکەن دووپات کردەوە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تووندوتیژی دابنرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارێکی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت وگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنی بە ڕێژەی %15 لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی کرێی ئاو بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشت وگوزار بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواکاری پێشکەش بکەن بۆ سوودمەند بوون لەم بڕیارە کە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ووردەکارییەکەی بڵاودەکاتەوە.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە