ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم تاووتوێ دەکات
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەمموزی 2022 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و لووتکەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو پەرەسەندنانە خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە بەر لە بەستنی لووتکەی جەددە ، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆ بایدن کردووە و تێیدا داوای کرد کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، قوربانیدانەکانی گەلی کوردستانیان لە بیر بێت بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هەروەها داوای کردبوو دان بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بنرێت لە عێراقێکی فیدراڵدا. لە کۆبوونەوەی سەرۆک بایدن یش لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ،ئاماژە بە گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا و سەرۆک بایدن جەختی لە بایەخپێدانی ئەمریکا بە هاتنەکایەی عێراقێکی سەقامگیر و یەکگرتوو و خاوەن سەروەری بە هەرێمی کوردستانیشەوە کردەوە.
سەرۆک وەزیران، خواستی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی بەداوداچوونی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵەی تەمەنیدا کە لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایەڕوو.
سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، دەستخۆشییان لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوانە، کە بە داتا و زانیاری ووردەوە ئاماژە بە کار و چالاکیی و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت کراوە، کە دواتر دەخرێتە بەردەستی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان وبڕیاریشدرا ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە كرد کە ئەم ڕاپۆرتە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە سەر ڕوونی و شەفافیەتی کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، ووتیشی چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، ئامانجی سەرەکیشی، فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.
بڕگەی سێیەم بریتی بوو لە خستنەڕووی پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 14) ی ساڵی 2008 لە لایەن فرسەت ئەحمەد وەزیری داد .
ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژە یاسای هەمواری یاساکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج وتێبینیانەی لەسەر ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسەکە لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران خرانەڕوو بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی شورای هەرێم، ئەویش بە ئاراستەی دابینکردنی سەربەخۆیی زیاتر بۆ ئەم دامەزراوەیە و پەرەپێدان بە توانا ولێهاتوویی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە و داڕشتنەوەی ڕێکار و مەرجەکانی دامەزراندنیان، هەر لە میانەی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە بایەخی قەزای ئیداری کرد لە هەرێمی کوردستان ، وەک دەسەڵاتێکی جیاواز لە قەزای ئاسایی، کە ئەرکی چاودێر دەبینێت لەسەر مەشروعیەتی بڕیار و ئەو فەرمانانەی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دەردەچن، هەروەها بۆ فەراهەمکردنی بواری تانەدان لە ڕێکار وبڕیارە کارگێڕییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژ وسەرنج لە لایەن ئەنجوومەنەکە بۆ دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم و داڕشتنەوە و لێ ووردبوونەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسا و پەیڕەوەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشە وناکۆکیەکانی کارگێڕی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی حکوومەت.
دواتر وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی پشتیوان سادق و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، کورتەیەکیان دەربارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان و بەشداریان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی وەزاری ئازادی ئایین و بیروڕا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خستەڕوو کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا بانگهێشت کرابوون و دەرفەتێک بوو بۆ خستنەڕووی کولتووری مرۆڤدۆستیی و بەیەکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە هەرێم و میوانداریکردن و لەباوەشگرتنی هەرێم بۆ پەنابەر و ئاوارە و لێقەوماوانی بەشەکانی دیکەی عێراق و ووڵاتانی دراوسێ بە پێکهاتەی ئایینی ونەتەوەیی جیاوازەوە.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی لە بەرەوپێش چوونەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مووڵەت وهەرچی زوو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە