ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆبووەوەو رایگەیاند، بڕیاریداوە بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و  ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە.
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە،  ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی ئۆکتۆبەری 2021) مەسروور بارزانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس وهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی کرد کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتووانە بەجێگەیاند لە ڕەخساندنی بوارێکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە، "پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە یەکگرتوانە و بەهەماهەنگی و یەکڕیزی، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، دور لە ململانێی ناوخۆیی".

مەسروور بارزانی دوپاتیشی کردەوە، کە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازی و ڕەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف وشایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دوپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە، نوێنەرانی کوردستان لە ڕێی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، کاربکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.
پاشان کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد كە تایبەت بۆ بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵی .
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچون عەبدۆلحەکیم خەسرەو، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ڕاسپاردەی تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە پێناو  بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی وپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و  ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف ودەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانوونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیران.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە