ئەنجوومەنی وەزیران کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە ئاوی خواردنەوە تاووتوێ دەکات
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە ئاوی خواردنەوە تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 24 ی ئابی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ ئەوەداین ڕێز لە وادە یاساییەکان بگیرێت و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت.
پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاپۆرتێکی تایبەت و بەرفراوانی سەبارەت بە سێکتەری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا، بە زانیاری و داتا، کێشە و ئاستەنگ و گرفت و پێشنیار و ڕاسپاردە و پلانی کورتخایەن و خێرا و درێژخایەن و ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە ڕوونکرابووەوە، لە ناویشیاندا ئاماژە بە سەرچاوەکانی ئاو درا بوو کە ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و سەد و بیست و پێنج هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکرێت، واتە 500 لیتر بۆ هەر بەشدارێک لە ڕۆژێکدا، کە ژمارەی بەشداربووان زیاتر لە یەک ملیۆن هاوبەشە، ئەمە سەرەڕای خستنەڕووی پڕۆژەکان و کێشە و گرفتە تەکنیکیەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی ئاو کە ساڵانە بڕی 500 ملیار دینارە لەسەر بوودجەی حکوومەت .
سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمە هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ دابینکردنی ئاوی پاک و خاوێن بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لە هەمانکاتدا، دەبێ کێشە و قەیرانی کەم ئاویش لە بەرچاو بگرین و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، کار بکەین لە پێناو ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی ئاو و زیادبەکارهێنانی ئاو، بەتایبەتی گۆڕانی کەش و هەوا و لێکەوتە نەرێنییەکانی، هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، کە دووچاری قەیرانی کەم ئاوی و وشکەساڵی و کەمی بارانبارین و کەمبوونی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی دەبێتەوە و پێویستە لە هەموو ڕوویێکەوە، ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە و سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕاسپاردنی وەزارەتەکانی (دارایی وئابووری، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان) و سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی دا، بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر سەبارەت بە پێشنیارەکانی وەزارەت کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی و بڕی پارەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە.
لە بڕگەی دووەمدا، جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد دەربارەی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری گشتی کە لە تەمەنی کابینەی نۆیەم جێبەجێ کراون یان لە قۆناخی جێبەجێکردنن و وا بڕیارە داشبۆردی ئەم زانیاریانە لە نزیکترین دەرفەتدا بخرێتە بەردەستی سەرجەم هاووڵاتییان و ڕای گشتی لە ڕێگای ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوێکی برەودان بە شەفافیەت و زانیاری دان بە هاووڵاتیان سەبارەت بە پڕۆژەکان و چۆنیەتی دابینکردنی پارەی پێویست و دابەشبوونی جوگرافیی پڕۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان و شایستەبوون و دادپەروەری.
24 ئاب 2022
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە