ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ دەربارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیار و ئاژەڵدارەکان دەکات

پەیامی کورد       ...     ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ دەربارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیار و ئاژەڵدارەکان دەکات

ووتەبێژی وەزارەتی کشت و کاڵ ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، راپۆرتێکیان بۆ قەرەبووکردنەوە و ھاوکاریکردنی جووتیار و خاوەن ئاژەڵەکان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە بە هۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئەم ھەفتەیەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لیژنەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەو مەبەستە درووست کراوە.

حسێن حەمەکەریم، ووتەبێژی وەزارەتی کشت و کاڵ ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : "راپۆرتێکمان لەبارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران و کەمکردنەوەی کاریگەری ووشکەساڵی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتەی ئێمەوە دەکەن و بڕیاری لێ دەدەن".

حەمەکەریم ووتیشی: "مەبەست لەو کارەی ئێمەش ئەوەیە، کە پشتگیری لە جووتیار و ئاژەڵداران بکرێت، کە زیانیان بەرکەوتووە و ھاوکارییان بکرێت لە دابینکردن و دابەش کردنی بنەتۆو و ئالیک بەسەریاندا، بۆ ئەوەی ببێتە ھاندانێک بۆ جووتیار و خاوەن ئاژەڵەکان و بەردەوام بن لە کاری خۆیان، چوونکە مەبەستی ئێمە ئەوەیە پەرە بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەین".

ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد: "ئەو راپۆرتەی ئامادە کراوە، بە بەشداری سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە و، ئەنجوومەنی وەزیرانیش لیژنەیەکی بە بەشداری نوێنەری ئێمە پێک ھێناوە و نوێنەری پارێزگاکانیشی تێدایە، بۆیە ئەو لیژنەیە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات".


ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە