ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە سنە کۆچی دوایی کرد
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۳۰ی سەرماوەزی ۱٤۰۰ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "شارۆخ ئیبراهیمی" کوڕی حاجی "زاهیر"، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک "شارۆخ" ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات بوو و لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەکان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ، یارمەتی ماڵی و هەروەها گەیاندنی زانیاری، ئەرکەکانی خۆی بوێرانە بەڕێوە بردووە.
برایەکی ئەو ئەندامە چالاکە بە ناوی "وریا ئیبراهیمی" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و بۆ بەرگری لە خاک و گەلەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان کردووە.
کاک "شارۆخ" هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار، لە زێدی خۆی و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری ئەو ئەندامە تێکۆشەرە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە