ئەندامێکی حێزبی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن کەسی نەناسراوەوە لە هەولێر تێرۆر کرا

پەیامی کورد  ...  ئەندامێکی حێزبی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن کەسی نەناسراوەوە لە هەولێر تێرۆر کرا

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک شوقەکانی هانا سیتی لە گەڕەکی هەڤاڵان لەشاری هەولێر دەستدڕێژی گوللە لە ئەندامێکی پێشوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا و بەسەختی برینداربوو.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگه‌ێندراوێکدا پەنجەی تۆمەت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ دەکات و دەڵێت، "چەندین دۆسیەی گرینگی لابوە و پێشووتر هەڕەشەی لێکراوە".

ئامانج زیبایی، ئەندامی رێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندووە : "سۆهراب رەحمەتی ئەندامی پێشووی حزبەکەمانە، لەهەمانکاتدا پارێزەرێکی دیاری هەولێرە، لە گەڕەکی هەڤاڵان لەگەڵ کوڕەکەی دەبێت و لەوکاتەدا کوڕەکەی دەچێتە نێو مارکێتێکەوە، لەلایەن کەسێکەوە دەستدڕێژی گوللەی لێدەکرێت و گولله‌یه‌ك بەر جەستەی دەکەوێت و بەسەختی بریندار دەکرێت".

ئەندامەکەی ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، "سۆهراب ڕەحمەتی ئێستا لە نەخۆشخانەیە و نەشتەرگەری بۆکراوە، بەڵام تەندرووستی ناجێگرە و بێهۆشە".

ووتیشی، "ئێمە وایدەبینین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە کارەکە هەستابێت، چوونکە تائێستا چەند جارێک هەڕەشەی لێکراوە و چاوەڕوانین دەزگا ئەمنیەکان بکەرانی دەستگیربکەن".

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدوای ڕووداوەکە، لەڕاگەێندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە کە سۆهراب کادری پێشووی حزبەکەیان بوە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە و پارێزەری چەند کەیسێکی هەستیار بوە لەوانە دۆسیەی تیرۆرکردنی قادر قادری فەرماندەی حزبی دیموکرات و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە و چەندی دۆسیەیەکی دیكه‌ی هەستیار.
لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە، "پێشووتر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی لێکراوە، بۆیە داوا دەکەن لە دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر تاوانبارانی بدۆزنەوە و بەسزای خۆیان بگەیەنرێن".

ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایگەیاند، "سۆهراب پارێزەرە و ئەندامە لەسەندیکای پارێزەران، بەداخەوە کە بەدوو گوللە بەسەختی بریندار کراوە و لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی شاری هەولێر نەشتەرگەری بۆکراوە و پۆلیس لەهەوڵدایە لەکاتی بەئاگا هاتنەوەی وتەی لێوەربگرێت".
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، ووتیشی، "ئێمە وەکوو سەندیکا دۆسیەکەی بەگرینگییەوە وەردەگرین، چوونکە دەستدرێژی بۆ سەر ئەم ئەندامەمان دەستدرێژیە بۆ سەر تەواوی ئەندامانمان و دوای لێکۆڵینەوەکان ئەوکات ئێمەش ڕێکار دەگرینە بەر".


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە