ئەندامێکی پلە باڵای سەرکردایەتی یەکیتی سەبارەت بە بڕیارەکانی پاڤێڵ تاڵەبانی ڕوونکردنەوە دەدات

پەیامی کورد     ...    ئەندامێکی پلە باڵای سەرکردایەتی یەکیتی سەبارەت بە بڕیارەکانی پاڤێڵ تاڵەبانی ڕوونکردنەوە دەدات .

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ڕایگه‌یاند، له‌ڕوى یاساییه‌وه‌ بڕیاره‌كانى ده‌ركردنى لاهوور شێخ جه‌نگى كێشه‌ى په‌یڕه‌ویان هه‌یه‌و هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى یه‌كێتى نه‌كراوه‌ به‌ڵكوو كۆبوونه‌وه‌ى شاره‌كان كراوه‌و بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نه‌یوتوه‌ ده‌سه‌لاتى پێبدرێت بۆ ده‌ركردنى هاوسه‌رۆكى دووه‌م.

سه‌ردار هه‌ركى یاساناس و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێـى نیشتیمانى كوردستان له‌ سێ خاڵ دا ڕوونكردنه‌وه‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌دات :-
1- كوبوونەوەی سەركردایەتی بەهیچ شێوەك نەكراوە، بەڵكوو سێ كوبوونەوەی بەجیا لەگەڵ سەكردایەتی شارەكان كراوە كە ناگاتە ئاستی كوبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، تەنها كوبوونەوەی راوێژكاری هەژمار دەكرێت لایەنی ئیلزامی تێدا نیە، چوونكە كوبوونەوەی سەركردایەتی دەبێت هەر هەمووی پێكەوە كوببێتەوە، كوبوونەوە نصابی خۆی هەیە، جورەها زورینەی تێدایە ( وەكو زۆرینەی سادە , رەها ...هتد ). ئەو راستیەش راستوخۆ لەو كوبوونەوە لەگەڵ كاك بافڵ تاڵەبانی باسم كرد.

2- تەنانەت ئەگەر كوبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیش بكرێت، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەهیچ شێوەك دەسەڵاتی تنازلكردن یان تەفویزكردنی لە دەسەڵاتەكانی خۆی نییە. وەك ئەوەی بلێین مللەت لەدستور دەسەڵات دەداتە دەسەڵاتەكانی ( دادوەری، جێبەجێكار، یاسادانەر یان پەرلەمان) بەڵام ئەو دەسەڵاتانە مافی تنازلیان نییە لە دەسەڵاتەكان بۆ یەكتر، بەهەمان شێوە كونگرە دەسەڵاتی داوەتە ئۆرگانەكانی حزب ئەوانیش لای خۆیانەوە ناتوانن تنازل لەم دەسەڵاتانە بۆ یەكتر بكەن، تەنها ئەوەی لە پەیرەودا هاتووە. 

3- لەو سێ كوبوونەوە كە خۆم لە یەكێكیان ئامادە بووم، بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە دەسەڵاتی سزادان بدرێتە هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی ، بەڵكوو بەپێچەوانە هاوسەرۆك بافڵ چەندین جار ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەل هاوسەرۆك لاهوور دادەنیشن بۆ چارەسەری ئەم بارودوخە.

له‌باره‌ى لابردنى هاوسه‌رۆك و ڕێڕه‌وه‌ یاساییه‌كانى سه‌ردار هه‌ركى ده‌ڵێت" لە ماددەی 36 برگە دوو ( ب ) لەكاتی پابەند نەبوونی هاوسەرۆك بەئەرك و دەسەڵاتەكانی، بەدەنگی 3/2 ی ئەندامانی ئەنجوونی سەركردایەتی متمانە لە هاوسەرۆك یان یەكێكیان وەردەگیرێتەوە. واتە لەیەك حالەتدا هاوسەرۆك لادەدرێت كە پابەند نەبێت بەئەرك و دەسەڵاتەكانی، هەروەها تەنها ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەورێژەیەی كە دیاریی كراوە لەپەیرەو بۆی هەیە متمانەی لێوەرگیرێتەوە.
خاڵێكی دیكەی گرنگ لەم بابەتە كە هاوسەرۆك لاهور لە كوبونەوەی مەكتەبی سیاسی رۆژی 15/7/2021 دەسەڵاتەكانی خۆی رادەستی هاوسەرۆك بافێڵ كردبوو. لێرەدا چون دەتوانین بڵێن پابەند نەبووە بەو ئەرك دەسەڵاتەی كە ئەسڵەن هەمووی لای هاوسەرۆك بافڵ بووە؟
سەرەڕای ئەو تێبینیانە دەبێت ئاماژە بەبرگەی چوار ماددەی 12ی پەیرەو بكەین كە دەبێت بۆ هەر سزادانێك لیژنەیەكی لێكوڵینەوە بۆ سەرپێچیكار درووست بكرێت، بریاری سزادان دەبێت ئاماژە بە ئەنجامی ئەو لیژنەیە بكات. لەماددەی 13ی پەیرەوی ناوخۆدا دەڵێت؛ سزایەكە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت، ئینجا لەلایەن هاوسەرۆك واژوو دەكرێت! ئەمە لەكاتێكدایە كەئەو رێكارانە هیچی نەكراوە.

ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى شرۆڤه‌ بۆ ده‌ركردنى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى ده‌كات له‌ ڕوى یاساییه‌وه‌و ڕایگه‌یاند،ئەم خالانەی باسمان كرد بوو بەهەمان شێوە لەسەر سزادانی هەر چوار ئەندامی سەركردایەتی هەڤاڵان (ئاراز شێخ جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی ، ژینۆ محەمەد، شادمان مەلا حەسەن) جێبەجێ دەبێت، چوونكە نە لیژنەیان بۆ پێكهینراوە (برگە چوار ماددە 12 لە پەیرەوی ناوخۆی ی ن ك) نەلەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی پەسەندكراوە ( ماددەی 13 لەپەیرەوی ناوخۆ) هەروەها نەلەلایەن ئۆرگانی تایبەت دەرچووە ( هەمووبرگەكانی ماددەی 12) .
لەهەمووی سەیرتر یەك لەو ماددانەی كە ئاڵا تاڵەبانی پێ‌ سزادراوە، بڕگەی 7 ماددەی 9 واتە كاری بۆ لیست و كاندیدەكانی یەكێتی نەكردوە؟! ئەمە لەكاتێكدا ئاڵا تاڵەبانی بۆخۆی كاندیدی لستی هاوپەیمانیی كوردستانیی بووە! مەنتق نییە بۆخۆی كاندیدی حزبێك بێت و لانیكەم كاری بۆخۆی نەكردبێت!؟ هەمووشمان دەزانین ئەو بەفەرمیی كاندیدی یەكێتیی بوو لەم هەڵبژاردنە، بەڵام هیچ كاریان بۆ نەكرد! كەچی خاتوو دیلان غەفور لەدەرەوەی بڕیاری یەكێتی و سەربەخۆ خۆی كاندید كردبوو، بەڵام هەر هەموویان لە سەرەوە تاكوو خوارەوە بەڕەسمی كاریان بۆ دەركرد! ئەمەش پێچەوانەو لادان بوو لەپەیرەوی ناوخۆ بەپێی بڕگە 7 ماددەی 9، دەبێت هەموو ئەوانەی كاریان بۆ كردووە سزابدرێن. چوونكە خاتوو دیلان لەبنەڕەتدا كاندیدی یەكێتیی نەبووەو لەناو ئەو لیستەدا نییە كە لەلایەن یەكێتیەوە پەسندكراوەو وەك هاوپەیمانی كوردستانی پێشكەشكراوە، ده‌ڵێت" ئەم بڕیارانە هیچ پەیرەوی نین و پێچەاوانەی رێكارە حزبیەكانەو یەكێتی لە حزب بوون و سیستەمی دامەزراوەیی دوور دەخاتەوە. هیوادارم پێداچونەوە بەم بڕیارانە بكرێت و هەرچی زووە چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی بكرێت. چوونكە پێموایە یەكێتی لەمیژووی خۆیدا بەهەستیارترین و مەترسیدارترین قۆناغ تێدەپەڕێت.
ڕوونكردنه‌وه‌ یاساییه‌كانى سه‌ردار هه‌ركى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌كاتێكدایه‌ به‌بڕیارى بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى لاهوور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆك و چوار ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌وحزبه‌ له‌ ڕیزه‌كانى یه‌كێتى ده‌ركران.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە