ئەنگێللا مێرکڵ دواهەمین سەردانی خۆی بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ئەنجام دەدات
پەیامی کورد ... ئەنگێللا مێرکڵ دواهەمین سەردانی خۆی بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ئەنجام دەدات
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکی رووسیا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملین) لە مۆسکۆ دەستیپێکرد و باس لە دۆخی چەند ووڵاتێک و ئاسۆی پەرەپێدانی هاوکاری نێوان هەردوو ووڵات دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ هەینی ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئاڵمانیا گەیشتوەتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆشکی کرێمیلن کۆبوونەتەوە و بەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەشیان بۆ رۆژنامەنووسان ووتاریان پێشکەش کردووە.
پووتین بەر لە کۆبوونەوەکە رایگەیاندوە، "ئاڵمانیا وەک یەکێک لە هاوبەشە سەرەکیەکانی ڕووسیا لە ئەورووپا و جیهان ماوەتەوە".
سەرۆکی رووسیا هەروەها سوپاسی مێرکڵ ی کردوە و وتوویەتی، "سوپاس بۆ هەوڵەکانی ئێوە وەک ڕاوێژکاری ئاڵمانیا بۆ ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا، لە ڕوانگەی رووسیاوە ئاڵمانیا دووەم هاوبەشی ئابووری و بازرگانیە لە دوای چین، ساڵی ٢٠٢٠ ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بۆ نزیکەی دوو ئەوەندە بەرزکردەوە".
لای خۆیەوە مێرکڵ کە پێدەچێت دوایین سەردانی بێت وەک راوێژکاری ئاڵمانیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ڕووسیا و ئاڵمانیا بەنیازن سەرەڕای جیاوازی پەیوەندییەکانی نێوانیان، دیالۆگ پەرە پێبدەن".
پێشتر کرێملین بڵاویکردەوە، مێرکل و پووتین لە میانەی گفتوگۆکانیاندا باس لە دۆخ و ئاسۆی پەرەپێدانی هاوکاری دوقۆڵیی نێوانیان دەکەن لە بوارە جۆراوجۆرەکان و هەروەها کێشە سەرەکیە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە