ئەورووپییەکان بە شاراوە نەوتی ڕووسیا دەکڕن

پەیامی کورد     ...  ئەورووپییەکان بە شاراوە نەوتی ڕووسیا دەکڕن

بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان پێگەی فۆرچوون : نەوتی ڕووسیا لە هەفتەکانی ڕابردوو ڕێگایەکی بۆ بازاڕی ئەورووپا کردووەتەوە ، سەرەرای هەڕەشەکان بۆ گەمارۆدانی ڕووسیا هێشتاش بەردەوامی هەیە بەڵام بارە نەوتییەکانی ئەم ووڵاتە ڕادەستی نەوتکێشەکان کراوە و لە حاڵێکدا کە شوێنی ڕۆیشتنەکەیان " نادیار " ڕادەگەێندرێت سەر لە بازاڕەکانی نەوتی ئەورووپا دەرهێناوە و لەوێوە بە شێوەی نهێنی کڕین و فرۆشتنی بۆ دەکرێت .

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ"ی ئەمریکی، لەماوەی مانگی نیساندا هەناردەی نەوتی ڕووسیا بۆ ووڵاتانی ئەورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین ، ووڵاتانی ڕۆژئاوایی چەندین سزای قورسیان بەسەر کەرتی ووزەی ڕووسیادا سەپاندووە.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا قەبارەی هەناردەی ڕووسیا بۆ کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ڕووسیا لە ئەورووپا زیادیکردووە، بەشێوەیەک بەگوێرەی داتاکانی پێگەی TankerTrackers.com تایبەتمەند بە جووڵەی کەشتییە نەوت گوێزەرەوەکان، لەمانگی نیساندا ڕۆژانە ١.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕووسیا هەناردەی ووڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کراوە، لەکاتێکدا لەمانگی پێشووتردا ڕێژەکە بۆ ١.٣ ملیۆن بەرمیل نەوت کەمیکردبوو.
هەروەک لای خۆیەوە پێگەی Kpler کە بەدواداچوون بۆ هەناردەی نەوتی خاو دەکات وتویەتی:"لەمانگی نیساندا هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ڕووسیا بۆ ئەورووپا بۆ ١.٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا لەناوەڕاستی مانگی ئازاردا هەناردەی نەوتی ڕووسیا بۆ ئەورووپا ڕۆژانە ملیۆنێک بەرمیل بووە.
هەرچەندە ئەمریکا و کەنەداو ئوسترالیا و بەریتانیا کڕینی نەوتی ڕووسیایان قەدەغەکردووە، بەڵام یەکێتی ئەورووپا بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بە ووزەی ڕووسیا دەبەستێت، هێشتا نەیتوانیوە ئەو هەنگاوە بنێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئەورووپاییەکان ڕایانگەیاندووە، لەو پڕۆژە هاوبەشانە دەکشێنەوە کە لەگەڵ ڕووسیا بەیەکەوە لە بواری ووزەدا ئەنجامیان دەدەن‌ و دەستبەرداری کڕینی نەوتی ڕووسیاش دەبن.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆڕناڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی ڕوسیا بۆ ئەوروپا مانای وایە بەشێک لەو کۆمپانیا ئەورووپاییانە خۆیان لەسزاکان دزیوەتەوە‌و بەڕێگای نهێنی‌و سەرچاوەی نەزاندراوەوە نەوتی ڕووسیا هاوردە دەکەن.
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی، بڵاویكردۆته‌وه‌، بانکی ناوەندی ئەڵمانیا هۆشداریداوە لەوەی کە دەستبەرداربوونی دەستبەجێ لەکڕینی غازی ڕوسی، لەمساڵدا زیانی ١٨٠ ملیار یۆرۆ بە ئابووری ئاڵمانیا دەگەینێت‌و تێکڕای داهاتی نەتەوەیی ئەڵمانیا لەساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی لەسەدا ٥ کەم دەکاتەوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ووزەو درووستکردنی قوڵترین قەیرانی داکشانی ئابووری لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە