ئەو ٥٥ پەنابەرەی دیپۆرتی سووریا کرابوون لە دۆخێکی ناسەقامگیر و خراپ دەژین
٥٥ گەنجی کوردی باشووری کوردستان کە چەند رۆژێکە لە تورکیا دیپۆرتی سووریا کراونەتەوە لە ئێستادا لە دۆخێکی نا ساقامگیردا دەژین، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانیش باس لەوەدەکات، هەرچەندە ئەو کۆچبەرانە دۆخیان خراپە، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە پارێزراون.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران رایگەیاندووە : "بەهاوکاری باڵیۆزخانەی بەغدا لە ئانکارا ، حکوومەتی تورکیامان ئاگادارکردوەتەوە کە ئەو کۆچبەرانەی رەوانەی سووریا کراونەتەوە سووری نین و عێراقین، بەڵام لەووڵامدا وتوویانە ئەو کۆچبەرانە کاتێک لە کەنارئاوەکانی ئێزمیر دەستگیرکراون خۆیان بە سووری تۆمارکردوە بۆیە ڕەوانەی سووریا کراونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێوەیەکی فەرمی داوایان کردوە ئەو کۆچبەرانە لە رێگەی ئیبراهیم خەلیل ەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، حکوومەتی تورکیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵیاندا.
سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران باسی لەوەشکرد، ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان ٥٥ کەسن و لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای تەواوبونی رێکارە یاساییەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئێستاشدا هەرچەندە دۆخیان خراپە، بەڵام لەروی ئەمنییەوە پارێزراون "گرینگ ئەوەیە تووشی ناڕەحەتی و دەست بەسەرکردنی درێژ خایان نەبن، ئێمە ئەزموونمان هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە کارانەدا لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ زیاتر لە ٣٠٠ کەسمان هەبوە کە بە وەجبەی جیا جیا دیپۆرتکراونەتەوە، هەیانبوە شەش مانگ هێڵدراوەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "کۆچبەرەکان لەکاتی دەستگیرکردنیاندا وتوویانە کە خەڵکی سووریان، بەڵام بەرلەوەی دیپۆرتی سووریا بکرێن ناسنامەی خۆیان ئاشکرا کردوە و وتوویانە خەڵکی عێراقن بەڵام واینەکردوە کە رێگری بکرێت لە دیپۆرتکردنیان بۆ سووریا".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە