ئەو پەیامە گرینگەی کە ماکرۆن و فەڕەنسا بۆ کوردستان هەیەتی چی بوو ؟؟؟

پەیامی کورد      ...   ئەو پەیامە گرینگەی کە ماکرۆن و فەڕەنسا بۆ کوردستان هەیەتی چی بوو ؟؟؟

هاتنی ئێمانۆئێل ماکرۆن  پەیامێکی ڕوونی سیاسی لەگەڵدا بوو، سەردانەکەی نیگای هەموو میدیا جیهانییەکانی خستە سەر هەولێر و لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن بەپێی قسەی شارەزایانی سیاسی پەیامێکی گەورەی پێ بوو کەوا هەولێر شوێنیکی دیپلۆماسی گرینگە بۆ ناوچە و، شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن کە کودە داخراوەکانی دەکرێنەوە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا و دەبێ کورد وەبەرهینانی لەم پەیوەندییانەدا بکەن.

عیدۆ خامۆکا، شارەزای زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ، دەربارەی هاتنی ماکرۆن لە چوارچێوەی لووتکەی بەغدادا دەڵێت: ''فەرەنسا دەیەوێت ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت و نیەت پاکی خۆی پێشان بدات کە لە سەردەمی داگیرکاریدا بەشێک نەبووە لە پارچەکردن و داگیرکردنی ئەم هەرێم و ناوچەیە و، دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هێژمۆنیی زیاتری هەبێت کە خۆی یەکێکە لە ووڵاتە هەرە کاریگەر و ئەندامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەنگیشی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زۆرە و پشکداریکردنی سەرۆکی فەرەنسا لە لووتکەی بەغدا بۆ عێراق و فەرەنساش بەهێزە و بەپێی لێکدانەوەکان ئەمە مەسجێكە کەوا هەردوو ووڵات خاوەن پێگەی بەهێزی سیاسی و دیپلۆماسین و ئەمە نامەیەکی تر بوو بۆ ئەوەی دەبێ ووڵاتە هەرێمییەکان زیاتر ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرن.''

''دووپاتکردنەوەی پەیوەندییەکان''

'' خامۆکا هەروەها ووتی : پەیوەندییەکانی فەرەنسا و کورد لە پەیوەندی دۆستانە فرەوانترە و ئەم پەیوەندییانە نوێ نین، فەرەنسا هەست بەوە دەکات دەبێ کورد ببێتە خاوەن قەوارەی سیاسی و لە کۆچی میلیۆنی و سەرهەڵداندا، فەرەنسا لە هەموو ووڵاتیك زیاتر لەگەڵ کورد بوو و پێکهێنانی ناوچەی ئارامدا فەرەنسا خۆی کردە خاوەن، ڕاستە ناکرێت ئێمە وا هەست بکەین کە فەرەنسا تا کۆتاییی خاڵ لەگەڵمان دەبێت، بەڵام لەم کات و ساتەدا فەرەنسییەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن و دەیانەوێت کورد بەهێز بێت لە چوارچێوەی عێراقدا.'' .

لە کاتی ئەو ئابڵۆقە دیپلۆماسییەی لەسەر هەرێمی کوردستان بوو، فەرەنسا تاکە ووڵات بوو توانی دەرگا بۆ هەرێمی کوردستان بکاتەوە و کوردستان بکەوێتە سەر ڕێرەوی دیپلۆماسیی جیهانی، بۆیە دەبێ ئێمەی کورد وەبەرهینان لەم پەیوەندییانەدا بکەین و ڕیگە نەدەین هەوراز و نشێو بکەوێتە ئەم پەیوەندییانەوە. هاوکات فەرەنسا بەکردەوە لەگەڵ ئەوەیە کە ئاسەواری دووئیدارەیی نەمێنێت و پێشمەرگە وەک هێزیكی نیشتمانی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێک بخرێتەوە.

پەیامی ماکرۆن بۆ پێکهاتەکان

عیدۆ خامۆکا ئاماژەیشی دا: "لە لووتکەی بەغدا پەیامی ماکرۆن دەربارەی پیکهاتەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوون بوو کە دەبێ خاوەنداری لە پێکهاتەکان بکەن و باسی ئێزدییەکانی کرد و بەکردەوەش لەگەڵ ئێزدییەکاندا بوو و لە شنگال دەستپێشخەری ئاوەدانکردنەوەی کردووە، چەندین پرۆژە جێبەجێ دەکرێت.''

ووتیشی: ''پەیامێکی دیکەی ماکرۆن ئەوە بوو کە فەڕەنسا هەرگیز دژی ئایینی ئیسلام نەبووە و لەگەڵ فرە ئائینی و فرەنەتەوەیییە، بەڵام بەڕوونی دژایەتی ووتاری ڕق و کینە و تووندڕەویی کردووە، بۆیە لەگەڵ ئازادی ئائین و بۆچوونەکانە و دژی تووندڕەوییە بە هەموو شێواز و جۆرەکانییەوە.''


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە