ئەگەری ئەوە هەیە ترامپ لە مانگی داهاتوودا لە لووتکەی ئۆپێک لە کۆریای باشوور چاوی بە شی جین پینگ بکەوێت
پەیامی کورد ... ئەگەری ئەوە هەیە ترامپ لە مانگی داهاتوودا لە لووتکەی ئۆپێک لە کۆریای باشوور چاوی بە شی جین پینگ بکەوێت
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، پێدەچێت سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەم دا گەشت بکات بۆ کۆریای باشوور بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن و لە پەراوێزدا لەگەڵ هاوتا چینی یەکەی کۆببێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، سەرچاوەکانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە، ئەگەری زۆرە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەم دا گەشت بکات بۆ کۆریای باشوور بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) و لە پەراوێزدا لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.
ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی "شی ترامپ" دەبێت لە دوای گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ئەمساڵ دا.
لووتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن لە 31ی ئۆکتۆبەر تا 1ی تشرینی دووەم (9-10ی تشرینی دووەم) لە شاری گیۆنگ جووی کۆریای باشوور بەڕێوەدەچێت.
کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ترامپ و ڕاوێژکارە باڵاکانی بە بێدەنگی خۆیان بۆ گەشتێکی مانگی ئۆکتۆبەر بۆ کۆریای باشوور ئامادە دەکەن.
ئەم دیدارە وەک دەرفەتێکی سەرەکی بۆ دیداری ترامپ و شی جینپینگ سەیر دەکرێت. بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕایانگەیاند، هەردوولا گفتوگۆی جیددییان کردووە سەبارەت بە ئەنجام دانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە پەراوێزی لووتکەی ئاپێک، بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێکی دیاریکراو یەکلایی نەکراوەتەوە.
مانگی ڕابردوو شی جین پینگ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا ترامپ و هاوسەرەکەی بانگهێشتی چین کرد، سەرۆکی ئەمریکاش بانگهێشتنامەکەی قبووڵ کرد، بەڵام تا ئێستا وادەی ووردی گەشتەکە دیاری نەکراوە.
جگە لەوەش هەندێک سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە ترامپ لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون یش کۆببێتەوە ئەگەر سەرۆکی کۆریای باکوور بەشداری لووتکەی داهاتووی کۆریای باشوور بکات.
لە نمایشی سەربازی گەورەی چین ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە بۆنەی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتن لە شەڕی خۆڕاگری دژ بە ژاپۆن، سەرکردەکانی چین و ڕووسیا و کۆریای باکوور پێکەوە لەسەر گۆڕەپانی تیانانمەن وەستان لە دیمەنێکی مێژوویی دا کە جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکای گەیاندۆتە قۆناغێکی هەستیارتر.
چەکی نوێی چین پەیامی ڕێگریکردن بۆ جیهان دەنێرێت
ترامپ لەو ڕۆژەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال نووسیویەتی: هیوای ئاهەنگێکی گەورە بۆ سەرۆک شی و گەلی چین دەخوازم، بەڵام دەستبەجێ زیادی کرد: لە کاتێکدا ئێوە پیلان لە دژی ئەمریکا دادەڕێژن، تکایە گەرمترین سڵاو لە پووتین و کیم جۆنگ ئوون بکەن.
ترامپ هەروەها لە ئۆفیسی هێلکەیی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە سەیری نمایشی سەربازی چینی کردووە و ووتی : پێم وابوو ڕێوڕەسمێکی نایاب و زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە.
بەڵام ناڕەزایی دەربڕی لەوەی کە ئەمریکا وەک پێویست دان بە هاوکارییەکانی دا نەنراوە بۆ چین لە خەباتی ئازادی دا، داوای لە پەکین کرد ئەو ڕۆڵە لەبیر بکات کە ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی چین لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم دا بینیویەتی.
ترامپ ووتی : دوێنێ شەو ووتارەکەم بینی. ئاماژەی بەوەش کردووە، “سەرۆک شی هاوڕێی منە، بەڵام پێم وایە دەبوو لە وتارەکەی دوێنێ شەودا باسی ئەمریکا بکرایە، چوونکە ئێمە یارمەتیدەرێکی گەورە بووین بۆ چین”.
گوا جیاقون ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا لە ووڵامی بانگەشەکەی ترامپ کە دەڵێت سەرکردەکانی چین و ڕووسیا و کۆریای باکوور "پیلان لە دژی ئەمریکا دەگێڕن"، ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا جەختی لەوە کردەوە کە فراوان کردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی چین لەگەڵ هیچ ووڵاتێکدا هەرگیز دژی لایەنی سێیەم نەبووە.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە