باڤێڵ تاڵەبانی: دەستوور بڕبڕەی پشتی حكومڕانییە.. عومەری سەید عەلی: دەبێ هەمووان پێوەی پابەند بن
پەیامی کورد ... باڤێڵ تاڵەبانی: دەستوور بڕبڕەی پشتی حكومڕانییە.. عومەری سەید عەلی: دەبێ هەمووان پێوەی پابەند بن
لە كۆنفرانسی زانكۆی كوردستان - هەولێر، بە ناونیشانی یەكڕیزی و دەستوور، هەریەكە لە عومەری سەید عەلی و بافڵ تاڵەبانی، بۆچوونی خۆیانیان خستە روو و تێكڕا ئاماژەیان بە یەكڕیزی دا، تا لەو رێیەوە دەستووری هەرێمی كوردستان بنووسرێتەوە و كاری پێ بكرێت.
عومەری سەید عەلی، رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان، لە میانەی گوتەكانیدا لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، كە ئەوان لارییان نییە دەستوور هەبێ و، ووتیشی كە میلـلەتەكەمان دادوەر و یاساناس و رۆژنامەنووسی باشی تێدایە و، پێویستە ئەوانیش بەشداری نووسینەوەی بن.
ئەوەشی روون كردەوە، كە دەبێ دەستوور رەنگدانەوەی كۆمەڵگە بێ و هەموو چین و توێژەكان تێیدا بەشدار بن، ئەوەش لە پێناو نووسینەوەی دەستوورێكی رێك و پێك لە رووی نیشتیمانی و نەتەوەیی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و بوارەكانی دیكە، جەختیشی لەوە كردەوە، كە دەبێ سەرجەم هێزەكان قبووڵیان بێ و هەمووان پێوەی پابەند بن.
هاوكات، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش، هەر لەسەر ئەو پرسە، رایگەیاند، كە دەستوور زەروورە و بڕبڕەی پشتی حوكمڕانییە، جەختیشی لەوە كردەوە، كە دەبێ یەكڕیز بن و، دوور بن لە حیزبایەتی، ئەو دەستوورەش دەبێ بۆ میلـلەت بێ، كە تێیدا دەبێ سنوور بۆ دەستەڵاتی حیزب و هێزی سەربازی و ئەمنی دابنێت.
بافێڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا، كە دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێ لەگەڵ دەستووری بەغدا گونجاو بێ، ووتیشی: "پێم وایە دەبێ دەستوورەكە دەست پێبكەیەنەوە، بابەتی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان، دەبێ پێداچوونەوەیان بۆ بكرێ، بڕواننە ووڵاتانی دیكە لە رووی دانیشتووانەوە لە ئێمە كەمتر بوون و نەوت و هێزیان نەبووە، بەڵام توانیویانە بڕۆنە پێشەوە و مافی خۆیان وەربگرن، ئێمەی كورد تا ئێستا نەمان توانیوە كێشەكانی نێوانمان لا بدەین و ئامانجمان گەلی كوردستان و هەرێم بێت".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە