باڤێڵ تاڵەبانی لە ڕاگەێندراوێکدا هەڵوێستی یەکیتی لە سەر دەستوور دەخاتە ڕوو

پەیامی کورد      ...     باڤێڵ تاڵەبانی لە ڕاگەێندراوێکدا هەڵوێستی یەکیتی لە سەر دەستوور دەخاتە ڕوو

باڤێڵ تاڵەبانی،ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازیکرد لە جەیمس سۆرنتۆن، کونسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لەدیدارەکەدا رایگەیاند، رێگە نادەین دەستوور بەزۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت.

بەگوێرەی راگەێندراوی نووسینگەی هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر، باڤێڵ تاڵەبانی ، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازیکرد لە جەیمس سۆرنتۆن، کونسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان.
لەدیدارێکدا باڤێڵ تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی ، ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ھەڵوێست و بۆچوونی یەکێتی  خستەڕوو.

ئەوەش زانراوە، لەو دیدارەدا، بافێڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر دۆزینەوەی رێگاچارەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و دەستوور.
ھاوسەرۆک لەبەر تیشکی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ درووستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی، یەکڕیزی و رێکخستنەوەی ماڵی کورد و ئاراستەکردنی سیاسەتێکی نیشتمانی کوردانە لەبەغدا لەچوارچێوەی یەک لۆبی کوردی، ستراتیژی یەکێتی ئاشکراکرد و رایگەیاند،" ئەگەر بمانەوێت پێگە و رۆڵی کورد لەناوەند بەبەھێزی بھێڵینەوە و وەک رابردوو خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشەکان و پرسەکان بین، بێگومان پێویستمان بە بەرەیەکی نیشتمانی کوردستانی ھەیە کە رەنگدانەوەی ھەموو بۆچوون و رەنگەجیاوازەکان بێت کە بۆ ئەم قۆناغە ئەمە فاکتەری گەیشتنە بەمافەکانمان. "
ووتیشی، " خۆبەزلزانی و دوورکەوتنەمان لە بەغدا نەک داواکانمان جێبەجێ ناکرێن، بەڵکوو گەلەکەشمان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و ھەرێمەکەشمان بچووک دەکەینەوە، ئەم دووربینییەشمان لەپێناو داھاتوویەکی گەشترە بۆ کوردستانەکەمان."
سەبارەت بەپرسی دەستوور باڤێڵ تاڵەبانی بڕیار و سەرنجی یەکێتی خستەڕوو ووتی، لەگەڵ دەستوورێکی گەل پەسەندین و رێگەنادەین ئەم بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییە بەزۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت، بەڵکوو کار بۆ  نووسینەوەی دەستوورێک دەکەین کە لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵک و پێشخستنی ھەرێمەکەمان بێت نەوەک لەخزمەت حزب و تاکەکەسێکدا.


ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە