بایدن دۆسیەی کورد دەکاتەوە !!!
پەیامی کورد ... بایدن دۆسیەی کورد دەکاتەوە !!!
جۆ بایدن''، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە شوێنی دۆناڵد ترامپ پۆستی سەرۆکایەتی ووڵاتەکەی وەرگرتەوە، هەموو جیهان چاوەڕێی مەلەفە هەستیار و گرینگەکانە، پسپۆڕانیش پییان وایە، بایدن چاوخشاندنێک لە مەلەفی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەکاتەوە. ئێستاش جیهان هەموو چاوی لەسەر ئەمەریکایە ئاخو کە سیاسەتەکەیان چۆن چۆنی دەبێت بەرامبەر پرس و مەلەف و کێشەکانیان، چوونکە سەرۆکی ووڵاتێکی گەورەی دنیایە، نفووزی بەهێزی لە دنیادا هەیە.
پرسی کورد، پرسێکی هەستیاری ناوچەکەیە، چەندین ساڵە ئەم مەلەفە لە تەواوی دنیادا هەر هەیە و لەم ساڵەنەی دواییەشدا گەرم وگوڕ تر بووە، ''بایدن'' لەسەر پرسی کورد ئاگادرییەکی باشی هەیە و چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیەشە، بە بڕوای کاتۆ سەعدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسەتی ئەمەریکا لە واشینتۆن ەوە، بێگومان ئیدارەی بایدن پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد باش دەبێت، ئیدارەکە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان کوردانی باشوور و ڕۆژئاوادا درووست بکات و ئەم مەلەفە دەکاتەوە.
ئەمریکا بەردەوامە لە پڕچەککردنی هێزەکانی کورد ''(پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان)، لەوبارەیەوە کاتۆ سەعدۆڵڵا، ڕایگەیاند : ''پشتیوانی بۆ هێزەکانی کورد لەسەر سەرۆک نامێنیت، چوونکە ئەمانە پەیوەستن بە وەزارەتی بەرگرییەوە، هەرکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەوە بوون پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی کورد باش بێت ئەوا هێزەکانی پێشمەرگە، بە هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە پڕچەک دەکرێن، بەڵام ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە پشتگیرکردنی کورد بە چەک و زانیارییەوە."
بە بڕوای پسپۆڕان ''بایدن'' لە مەلەفی کورد باش گەیشتووە و لە هەموو بوارەکاندا هەرێمی کوردستان بووژانەوە بە خۆیەوە دەبینێت، لەوبارەیەوە موجاهید سومەدیعی، پسپۆڕی هەواڵگری لە ناوەندی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوە هەواڵگێرییەکان دەڵێت: ''سەرکردەکانی کورد پەیوەندی باشییان لەگەڵ جۆ بایدن هەیە، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشی پەیوەندییە سیاسییەکانە لەگەڵ وەڵاتێکی وەک ئەمەریکا و بایدن شارەزاییەکی تەواو لە جیۆساسیی ناوچەکەدا هەیە، دەبێ سەرکردە سیاسییەکان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و ئەمنییەکان بەهێزتر بکەن بۆ هەموو ئەگەرێکی سیاسی و جیۆساسی.''
"دەبێ هەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکای کورد لەسەر هێڵە گشتی و سەرەکییەکان ڕێک بکەون و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بکەن، قەناعەتیان پێ بهێنن بۆ ئەوەی ئەمریکا زیاتر خزمەت بە کوردستان بکات.'' .
هەروەها کۆتایی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ جۆ بایدن کە ئەو کاتە جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراودا سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە.
ئەم سەردانەی جۆ بایدن لە کاتێکدا بوو، هەفتەیەک پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) پێدانی ٤١٥ ملیۆن دۆلاری بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە ئەو کاتە رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش.
گرینگی سەردانەکەی بایدن لەو کاتەدا بۆ هەرێم ئەوە بوو کە لە ناکۆکیی قوڵدا بوو لەگەڵ بەغدا لەبارەی نەوت و سنوورەکانەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان.
یەکێکی دیکە لە ئومێدەکانی کوردەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە جۆ بایدن ساڵی ٢٠٠٦ پێشنیاری دابەشکردنی عێراقی لەسەر بنەمای مەزهەبی و ئەتنیکی کرد، ئەمەش ئۆتۆماتیکی دەوڵەتێکی کوردی بۆ کورد لە عێراقدا دروستدەکات. بایدن پێی وابوو دابەشکردنی عێراق بۆ هەرێمەکانی کورد، سونە و شیعە لەگەڵ دەستوری عێراق گونجاوە و کۆتاییش بە ناسەقامگیری عێراق دەهێنێت.
دەنگدانی ئەنجوومەنی پیران بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەر پلانی فیدراڵی بۆ عیراق لە ساڵی ٢٠٠٧ (٧٥) دەنگی بەڵی و (٢٣) دەنگی نەخێر، سەرکەوتنێکی سیمبولی گرنگ بوو بۆ پلانەکانی بایدن دەربارەی عێراق.
بە گشتی هەر چوار دەوڵەتی عێراق، تورکیا، سوریا و ئێران بۆچوونەکانی بایدن لەسەر کورد و نزیکایەتییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی کورد بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆیان دەزانن.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە