بایدن: هەوڵەکانی ئێران بە تایبەت هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ووڵام دەدەینەوە
''جۆ بایدن'' سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران یەک لەوان هێرشی فڕۆکەگەلی بێفڕۆکەوانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ووڵام دەدەنەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر، پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی گرووپی ٢٠ لە ڕۆما ، لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی بەرجام بە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویستی ووڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەکە و جیهاندا گرێ دراوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەگەڕێتەوە سەر وتووێژەکانی ڤییەن، ئەوە ئێران ڕووبەڕووی خەسارێکی گەورەی ئابووری دەبێتەوە".
هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێران هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێونەتەوییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ درێژەی وتوویژەکانی ڤییەننا.
هەر لەو پەیوەندییەدا ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر لەهەمبەر هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئامریکا لە سووریا ووتی: ''جۆ بایدن، لە هەوڵدایە لە کات و شوێنی گونجاودا بڕیارێکی بە بڕشتانە بە ئامانجی پێشگرتن لەم چەشنە هێرشانەی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە دەر بکات''.
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە