بریکاری وەزارەتی بارزگانی ووردەکاری وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەخاتەڕوو

پەیامی کورد   ...   بریکاری وەزارەتی بارزگانی ووردەکاری وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەخاتەڕوو

بریکاری وەزارەتی بارزگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە لە ھەرێمی کوردستان دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواو کراوە، بەڵام بەغدا تەنیا ٤٠٠ ھەزار تەن وەردەگرێت، بەرھەمی ئێمەش زۆر لەوە زیاترە.

سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەمساڵ لە چوار پارێزگای ھەرێمی کوردستان ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە گەنم وەردەگرین، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگ دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکرێت، سەرەتا لە پارێزگای سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەرگرتنی گەنم ڕادەگەیەنین، چونکە ناوچەکان کەشوھەوایان جیاوازەو ھەر کاتێک گەنم ئامادەبێت لە جووتیاران وەردەگیرێت، لە دھۆک لە چوار سایلۆ گەنم وەردەگیرێت، لە زاخۆ، لە فایدە، لە شێخان، لە ڕوڤیا و لە ھەولێر و گۆڕەپانی کۆیە گەنم وەردەگرین، سایلۆی قوشتەپە ٣٨ ھەزار تەن گەنمی ساڵی ڕابردووی تێدا ماوە و بەکار نەھاتووە بۆیە گەنم وەرناگیرێت. 

سەروەر ھاواری ووتیشی: لە پارێزگای سلێمانی، واتا لە ڕانیە، پیرەمەگروون، چەمچەماڵ گەنم وەردەگرین، هەروەها لە کەلاریش لە بنکە گەنم وەردەگرین، کە سایلۆکەی سێ ساڵە تەواو بووە بەڵام بەغدا ڕەزامەندی نەداوە بۆیە ناتوانێت گەنم وەربگرێت، هاوکات ئەمساڵ وەک سایلۆی تازە تەنیا لە ڕوڤیا و لە سەیدسادق وەردەگرین، لە ھەڵەبجەش لە بنکەی ھەڵەبجە وەردەگرین، کە سایلۆیەکەیان ٧٥%ی تەواو بووە.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت: ئەمساڵ حکوومەتی عێراق تەنیا ٤٠٠ ھەزار تەن گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، سەرەڕای کەمبارانی بەرھەمی ئاویمان زۆرە و بەرھەم زیاترە، بەڵام بەغدا بە بیانووی ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان گەنمی پار ٣٢٢ ھەزار تەن ماوە بەکارنەھاتووە ئەمساڵ تەنیا ٤٠٠ ھەزار تەن گەنم وەردەگرن، چوونکە عێراق  لە جیاتی بەکارھێنانی گەنمی ھەرێمی کوردستان دەچێت لە پارێزگاکانی خۆی گەنم بەکاردێنێت، بۆ ئەوەی بە ھەرێمی کوردستان بڵێن ئێوە گەنم لە سایلۆکانتان ماوە و تەنیا ئەو بڕەتان لێ وەردەگرین، چەندین جاریش داوامان کردووە ئەو گەنمە بەکاربێنن، لەبەر ئەوەی یەکێک لە ھەڵسەنگاندنەکان بۆ وەرگرتنی گەنم پێوانەکردنی ھەر ناوچەیەکە لە چەندێتی گەنمی ھەڵگیراو، جا بۆ ئەوە وادەکەن خۆیان گەنمیان نەمێنێت، خۆیان گەنمی زیاتر وەرگرن و بە ئێمە بڵێن ئێوە گەنمتان ھەیە کەمترتان لێ وەردەگرین.

 


ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە