بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا دەستەیەکى حەوت کەسى بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکەی هەڵبژارد و لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانی کارا کرد.
دەقی راگەێندراوی بزووتنەوەى گۆڕان:
دەستەیەکى حەوت کەسى هەڵبژێردرا و لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانى کارا کرا
جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان دەستەیەکى ٧ کەسی هەڵبژارد و لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانى کارا کرد، بەمەبەستى ئەنجامدانى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى لە نزیکترین کات و سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەى بزووتنەوەى گۆڕان.
دواى زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە دوو هەفتەى رابردودا، سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەممە (٢٠٢٢/١/٢) جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە، کۆبوونەوەکە تەواوکارى کۆبونەوەکانى دیکە بو کە لە هەفتەى رابردوو ئەنجام درا و تێیدا دەستەیەکى حەوت کەسى بە نوێنەرایەتى جڤاتەکانى نیشتمانى و گشتى و سێ لە هەڵسووڕاوانى دیارى دەرەوەى جڤاتەکان هەڵبژێردران کە بریتین لە (هۆشیار عومەر، نزار محەمەد، هاوڕێ کاوە، دڵشاد مەجید، گەیلان شێخ عومەر، د. تەها حەمە عەزیز و شوان قلیاسانى).
ئەم دەستەیە کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا متمانەى جڤاتى نیشتمانی وەرگرت لەگەڵ لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس، دەست بە ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا کۆنفرانسى دوەمى نیشتمانى بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆ رێکخستنەوەى بزووتنەوەکە ببەستن.
بەپێى دەستوورى رێکخراوەیى بزووتنەوەى گۆڕان، ئەرکەکانى کۆنفڕانسى نیشتمانى خۆى دەبینێتەوە لە نوێکردنەوەى بەرنامەى سیاسى لە بوارە جیاوازەکاندا، پێداچوونەوە بە دەستوورى رێکخراوەیى، هەڵسەنگاندن و دەستکاری کردنى پلاتفۆرمەکانى هەڵبژاردنەکانى پارێزگا و هەرێم و عێراقى فیدراڵ، هاوکات هەڵسەنگاندنى ئەداى تیمەکانى بزووتنەوەى گۆڕان لە حکوومەت و نوێنەرەکانى لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانى؛ پارێزگا، هەرێم و عێراقى فیدراڵ، هاوکات هەڵسەنگاندنى ئەداى جڤاتى نیشتمانى لە چەند ساڵى رابردوودا.
هەمو ئەمانەش پڕۆسەى سەرلە نوێ خۆ ڕیکخستنەوە و خۆنوێ کردنەوەى بزووتنەوەى گۆڕانە بەتایبەت دواى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کە بزوتنەوەى گۆڕان نەیتوانى تێیدا دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە