بنەماڵەیەکی ٥ کەسی خەڵکی دهۆک بە دەستڕێژی گوللە لە باکووری کوردستان کوژران

پەیامی کورد   ...   بنەماڵەیەکی ٥ کەسی خەڵکی دهۆک بە دەستڕێژی گوللە لە باکووری کوردستان کوژران

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، دەستڕێژی گولـلە لە پێنج هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کرا کە خەڵکی دهۆکن و لە ئەنجامدا چوار کەسیان "کوژراون و کەسی پێنجەمیش بریندارکراوە".

میدیای تورکیا لە نەخۆشخانەی مێردین ەوە بڵاویکردوەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلە بۆسەر خێزانێک لەسەر رێگەی ئارتۆکلوو- نسێبین، چوار ئەندامی یەک خێزان کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربوە.

ئاماژەی بەوەش دراوە، تائێستا ناسنامەی هێرشکارەکان نەزانراوە بەڵام هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە، هاوکات ئەو کەسەشی بە برینداری رزگاری بوە گەێندراوەتە نەخۆشخانە.

بەگوێرەی زانیارییەکان سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانە خەڵکی پارێزگای دهۆکن و پێکهاتوون لە ژنێک بەناوی واحیدە کە تەمەنی ٧٠ ساڵ بوە، هەروەها دوو هاووڵاتیانی دیکەش بەناوی عەبدۆڵڵا و ئیراهیم لەلایەن تەندرووستی تورکیاوە ناسنامەکانیان ڕاگەێندراوە.

لەیەکەمین کاردانەوەشیاندا بنەماڵەی ئەو خێزانەی دهۆک کە لە مێردین کوژران، رایانگەیاند، داوا لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق دەکەن لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان بکات و ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە سزای خۆیان بگەیەنرێن، بەتایبەت کە هێرشکارەکان هیچ شتێکیان لەناو ئۆتۆمبێلی ئەوانە نەدزیوە کە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردوون و خێزانەکەی ئەوانیش بەمەبەستی چارەسەری تەندرووستی سەردانی تورکیایان کردووە .


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە