به‌ به‌های ١٢ ملیار دۆلار پڕۆپۆزه‌ڵی پڕۆژە پێشکەش کراوه‌

پەیامی کورد     ...    به‌ به‌های ١٢ ملیار دۆلار پڕۆپۆزه‌ڵی پڕۆژە پێشکەش کراوه‌

ئەمڕۆ چوار شەممە 6 ى 1 ى 2021  د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە دیوانی دەستە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم ئەنجامدا، تێیدا بە داتا و زانیارییەوە سەرجەم کارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاند خستەڕوو.

لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی دەستە رایگەیاند: "دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆییەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و چاکسازی و کارئاسانی زیاتر کۆمەڵێک هەنگاو و رێکاری گرتۆتەبەر بە پشتبەستن بە کارنامەی کابینەی نوێ، ئێمە لەسەرەتاوە دیراسەی کەموکوڕی و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنانمان کردووە بە هاوکاری و راوێژی لایەنە پەیوەندارەکان و کەسانی پسپۆر و وەبەرهێنەران".

د.محەمەد شوکری راشیگەیاند: "هەر لەپێناو کارئاسانی لە پرۆسەی وەبەرهێنان و مامەڵەی پڕۆژەکان هەنگاوەکانی دروستکردنی سیستەمی یەکپەنجەری دەستی پێکراوە، هاوکات سەرقاڵی کارکردنین بۆ داڕشتنی نەخشەیەکی سەرتاسەری وەبەرهێنانی هاوسەنگ".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد: "لەم کابینەیەدا جگەلەوەی ئەولەویەتی کارەکان گرینگیدان بووە بە پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵیەکان، بۆ ئەوەی ئاراستەری پرۆسەی وەبەرهێنان بگۆڕین و داهات هەمەچەشن بکەین و  کۆمەڵگاکەمان لە بەکاربەرەوە بکەین بە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن، هاوکات سیستەمی ppp (هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت)مان هێناوەتە ناو پرۆسەکە و بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ".

سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی وەبەرهێنان سەرۆکی دەستە، کۆمەڵێک داتای خستەڕوو و رایگەیاند: " تائێستا لە دەستەی وەبەرهێنان (1085) مۆڵەت دراوە بەمشێوەیەیە:

• مۆڵه‌تی كارپێكراو: 940 مۆڵه‌ت 

• مۆڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌: 145 مۆڵه‌ت 

• له‌ ساڵی 28/7/2019 تا 31/12/2020وه‌ تائێستا 596 پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە پێشکەشکراوە".

د.محمەد شوکری باسی لەوەشکرد کە لەم کابینەیەدا ئاڕاستەی وەبەرهێنان گۆڕدراوە و وتی: " لە ئێستادا سێکتەری پیشەسازی لە پلەی یەکەم دێت لە کۆی سێکتەرکانی تری وەبەرهێنان، کە نزیکەی 35% قەبارەی گشتی وەبەرهێنانی پێکهێناوە، هەرچەندە لە ساڵانی پێشووتر سێکتەری نیشتەجێبوون لە پلەی یەکەم دەهات، بەڵام دوای بڕیاری چاکسازی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت ئەم ریزبەندییە گۆڕانکاری بەسەرهات. لەئێستادا کۆی پڕۆژەکان بەپێی سێکتەرەکان بەم جۆرەیە:

1. پیشەسازی: 238 پڕۆژە 

2. نیشتەجێبوون: 184 پڕۆژە 

3. گەشتیاری: 162 پڕۆژە 

4. بازرگانی: 163 پڕۆژە 

5. سەرجەم سێکتەرەکانی تر: ١٩٨ پڕۆژە ".

ناوبراو ئەوەشی وت: "لە 28/7/2019 تا 24/12/2019  مۆڵەت بە (93) پرۆژەى وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەى (2 ملیار و 502 ملیۆن دۆلارە) لەسەر رووبەری (3855 دۆنم). هاوکات لە کابینەی نۆیەم (29) مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و ١٥ پڕۆژە مۆڵەتەکانیان لێ سەندراوەتەوە و دراوەتە وەبەرهێنەری نوێ. هەر لەم کابینەیەدا (596) پڕۆژه پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان‌ كراوه‌، 531 پرۆژه‌ بە سەرمایەی 11 ملیار و 675 ملیۆن دۆلار پەسەندکراون".

سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی خۆیانیش لە دەستبەکاربونیان وەک سەرۆکی دەستە، د.محمەد شوکری وتی: " هەمواری رەشنوسی یاسای وەبەرهێنان تەواوبووە ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانە.

- رۆتین و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و گەندەڵى رێگری لێکراوە.

- قۆرغکاری نەماوە و هەلی یەکسان بۆ هەموو وەبەرهێنەران فەراهەمکراوە.

- سیستمی یەکپەنجەرەیی و نەخشەى وەبەرهێنان هەنگاوی بۆ نراوە.

- دەرگای سەرۆکی دەستە و گشت فەرمانگەکان بەرووی هەموواندا کراوەتەوە و سەرۆکی دەستە سەردانى گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى کردووە.

- لەرێگەی درووستکردنى لیژنەی تایبەتمەندەوە دەیان کێشەى ناو پرۆژەکانى وەبەرهێنان چارەسەرکراوە. 

- ژمارەیەک پرۆژەى نیشتەجێبون لە بەرژەوەندى هاووڵاتیان کێشەکانیان چارەسەرکراوە و دەستبەکار دەبنەوە. بۆ لەمەودوا حکومەتی هەرێم پشکی دەبێت لە پرۆژە نیشتەجێبووەکان وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ حکومەتی هەرێم.

- نرخی خزمەتگوزاری ناو پرۆژە نیشتەجێیەکان رێکخراوەتەوە و کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان.

- ژمارەیەک ناوچەی پیشەسازی  لە پارێزگاکانی کوردستان ئەنجامدراوە و دەدرێت".

سەبارەت بە ئەولەویەت و پلانی دەستەی وەبەرهێنانیش بۆ سێکتەرەکان لە ساڵی نوێدا سەرۆکی دەستە رایگەیاند: "بۆ لەمە بەدوا ئەولەویەت گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ، دەستەی وەبەرهێنان 170 هەلی وەبەرهێنانی کشتوکاڵى رادەگەیەنێت، هاوکات گرنگی زیاتر دەدرێت بە کەرتی پیشەسازی گەشتیاری بە سوودبینین لە سامانی کانزایی هەرێم و بەسوودبین لە ئاو و هەواو تۆبۆگرافیای هەرێم".


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە