بوار بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت
پەیامی کورد ... بوار بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، زەمینەسازی دەكرێت بۆ ئەوەی دەست بە ھەنگاوەكانی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی كوردستان بكرێت و، لیژنەیەك درووست بكرێت تا لەم خولەی پەرلەماندا دەستووری ھەرێمی كوردستان ئامادە بكرێت.
خەدیجە عومەر، رایگەیاند: "دەمێكە ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی كوردستان دەكرێت و سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانیش، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەردانی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی كرد، بۆ ئەوەی رای ئەوانیش وەرگرێت و زەمینە خۆش بكرێت تا دەست بە نووسینەوەی دەستوور بكرێت، ئەو ھەنگاوانەش ھەر لە سەرەتاوە نراون و ئێستا جارێكی دیكە زەمینەسازی دەكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە ھەنگاوەكانی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی كوردستان بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە ووتیشی: "سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووەوە تا زەمینە خۆش بكرێت، بۆ ئەوەی لیژنەیەك درووست بكرێت و دەست بە نووسینەوەی دەستوور بكرێت، چوونكە كاتی زۆرمان لە بەردەستدا نییە، بۆیە جارێكی دیكە لیژنەیەك دروست دەكرێت و دەست بە نووسینەوەی دەستوور دەكات".
دەشڵێ: "ئێمە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا، ساڵ و نیوێكمان لە بەردەستدا ماوە، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە نووسینەوەی دەستوور، چونكە بڕیار دراوە لەم خولەی پەرلەماندا دەستوور بنووسرێتەوە و ئامادە بكرێت".
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە