بڕیاردەری لیژنەی دارایی  :  تەنیا دەرماڵەی ئەم کەسانە دەبڕدرێت

پەیامی کورد     ...    بڕیاردەری لیژنەی دارایی  :  تەنیا دەرماڵەی ئەم کەسانە دەبڕدرێت

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی دا خەریکی ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانە و بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ھیچ دەرماڵەیەکی یاسایی نابڕدرێت و تەنیا دەرماڵەکان ڕێک دەخرێنەوە و ئەوانەی نایاسایین دەبڕدرێن.

موحەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕێت و ئەوەی ئێستا بەڕێوە دەچێت جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە و ھاوشێوەی مووچە دەرماڵەی فەرمانبەرانیش ڕێک دەخرێتەوە، ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران بە واتای بڕین نایەت، چونکە دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت، ئەگەر بەپێی یاسا بۆی خەرج کرابێت."

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ووتی: "ئێستا ھەر وەزارەتێک نوێنەری خۆی ھەیە و کار لەسەر ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی دەکات، لە کۆتاییدا حکوومەت بڕیار دەدات چەندی نایاسایی بووە و چەندی یاسایی بووە و چەندی داھات بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە."

موحەمەد سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە بڕینی دەرماڵە ڕوو نادات، تەنیا ئەوانەی بە نایاسایی سوودمەند بووبن لە دەرماڵە، دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت، چوونکە دەرماڵە ھەیە بەرانبەر بە مەترسییەک خەرج کراوە، کەچی فەرمانبەری تێدایە ئەو مەترسییەی لەسەر نییە، بەپێچەوانەوە ھەندێ فەرمانبەر دەرماڵەیان بۆ خەرج دەکرێت و مووچەکانیان زیاد دەکات، چوونکە لەوانەیە بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی دەرماڵەی ھەبێت و تا ئێستا سوودمەند نەبووبێت."


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە