بڕیاری نوێ یەکیتی ئەورووپا سەبارەت بە ئیسرائیل

پەیامی کورد   ...   بڕیاری نوێ یەکیتی ئەورووپا سەبارەت بە ئیسرائیل

یەکیتی ئەورووپا، بڕیاریدا پێداچونەوە بە "ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد" لەگەڵ ئیسرائیل دا  بكات كە بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایە و ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییە سیاسی و ئابورییەکانە. ئەوەش بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە و ڕێگری لە چوونی هاوكارییە مرۆیی یەكان.

کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا سێشەممە بڕیاری دا پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی یەکیتی ئەورووپا و ئیسرائیل بکات کە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادە لە نێوان هەردوولادا.

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندی ANP لە زاری کاسپەر ڤێلدکامپ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بڵاویکردەوە، ئەوە لە دوای بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆیی یەكان بۆ غەززە هاتووە .

هۆڵەندا پشتیوانی پێویستی بۆ پێشنیارەکەی بەمەبەستی پێداچونەوە بە ڕێککەوتنی یەکیتی ئەورووپا و ئیسرائیل کۆکردەوە، بەهۆی بەردەوامی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە و ڕێگری كردن لە گەیاندنی هاوکارییەکان.

لە ڕاگەێندراوەێكی هاوبەش دا کە دوشەممە بڵاوکرایەوە، فەرەنسا، بەریتانیا و کەنەدا هەڕەشەی سەپاندنی سزایان کرد، ئەگەر ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە ڕانەگرێت و سنووردارکردنەکانی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆیی یەکان هەڵنەگرێت.

لەو چوارچێوەیەدا ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند کە پاریس پشتیوانی لە پێداچونەوە بە ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان یەکیتی ئەورووپا و ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کە ئایا تەلئەڤیڤ ڕێز لە پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤ دەگرێت یان نا.
لە میانەی چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیی، بارۆ داوای لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ماددەی 2ی ڕێککەوتنەکە بکاتەوە، کە تێیدا هاتووە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەبێت لەسەر بنەمای "ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بنەما دیموکراسیەکان" بێت، هەروەها پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەدا بکات.

ڕێککەوتنەکە لە ساڵی 1995 لە برۆکسل واژوو کرا، بەڵام تا ساڵی 2000 نەچوە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی لەلایەن هەموو پەرلەمانەکانی ئەورووپا و هەروەها کنێستی ئیسرائیلەوە پەسەندکرا.

ڕێککەوتنەکە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا پێکدەهێنێت، بەو پێیەی ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوانیانە.


ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە