بڕیارێکی “ناتۆ” لە ڕۆمانیا

پەیامی کورد    ...   بڕیارێکی “ناتۆ” لە ڕۆمانیا

کلاوس ئیۆهانیس، سەرۆکی ڕۆمانیا ڕایگەیاند کە کاندیدی سکرتێری گشتی ناتۆیە.

چەند مانگێک پێش تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی ئینس ستۆڵتێنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا دووجار درێژکرایەوە، لە یەکەمی ئۆکتۆبەردا، کلاوس ئیۆهانیس، سەرۆکی ڕۆمانیا ڕایگەیاند کە کاندیدە بۆ سکرتێری گشتی ناتۆ.

ئیۆهانیس لە کۆشکی کۆترۆسینی لە بوخارێستی پایتەختی ڕۆمانیا قسەی کرد و ووتی : بڕیارم داوە بەشداری کێبڕکێی پۆستی سکرتێری گشتی ناتۆ بکەم.

ئیۆهانیس کە ڕکابەری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا مارک ڕوت دەبێت کە ئەمریکا، ئینگلتەرا، فەرەنسا و ئاڵمانیا پشتگیری خۆیان بۆ ڕاگەیاند، ڕایگەیاند کە پێویستە ووڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات نوێنەرایەتییەکی بەهێزتریان هەبێت لە سەرکردایەتی ناتۆدا.

ئیۆهانیس ووتی، "پێموایە ناتۆ پێویستی بە نوێکردنەوەی دیدگای خۆی هەیە بۆ ئەرکەکەی. ئەورووپای ڕۆژهەڵات بەشدارییەکی بەنرخی هەیە لە گفتوگۆ و بڕیارەکانی ناتۆ. بە نوێنەرایەتییەکی هاوسەنگ و بەهێز و کاریگەر لەم ناوچەیە، هاوپەیمانی دەتوانێت باشترین بڕیارەکان بدات کە... ووڵامی پێداویستی و نیگەرانییەکانی هەموو ووڵاتانی ئەندام بدەنەوە."

ئیۆهانیس بە ئاماژەدان بەوەی کە ٢٠ ساڵ بەسەر ئەندامێتی ڕۆمانیا لە ناتۆدا تێپەڕیوە و بوودجەی بەرگری ووڵاتەکەی گەیشتووەتە ٢.٥%ی بەرهەمی گشتیی نیشتمانی، وتی، ڕۆمانیا پاڵپشتی هەموو ئەرکەکانی ناتۆ دەکات و بەشداری دەکات لە ئاسایشی باڵکان و دەریای ڕەشدا. ووتیشی: ئێمە بە بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە پشتیوانی ئۆکراین دەکەین.


ئەم بابەتە 11341 جار خوێندراوەتەوە