بڕی ملیارێك و ٢٥٠ ملیۆن دیناری دیكە، وەك قۆناغی دووەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەم ئاوی و ووشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان دابین دەکرێت
پەیامی کورد ... بڕی ملیارێك و ٢٥٠ ملیۆن دیناری دیكە، وەك قۆناغی دووەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەم ئاوی و ووشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان دابین دەکرێت
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگهیاند لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا بە دابینكردنی بڕی ملیارێك و ٢٥٠ ملیۆن دیناری دیكە، وەك قۆناغی دووەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەم ئاوی و وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ هەینی رایگهیاند، لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا بە دابینكردنی بڕی ملیارێك و ٢٥٠ ملیۆن دیناری دیكە، وەك قۆناغی دووەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەم ئاوی و ووشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان.
روونیشیكردهوه، لە شاری هەولێر، چەندین لیژنەی هاوبەش و مەیدانی، بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەم ئاوی پێكهێنراون و هەر هاووڵاتییەكیش كێشەی ئاوی هەبێت، دەتوانێت سەردانی نزیكترین فەرمانگەی شارەوانی یان بەڕێوبەرایەتی ئاو بكات و لە رێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت.
ووتیشی، لە شاری هەولێر سێ لیژنەی هاوبەش و مەیدانی پێكهێنراون، لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی بەهەدەردانی ئاوە و بە ووردی بەدواداچوون بۆ گرفتەكانی دابینكردنی ئاو دەكات، كە بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە دروست دەبێت، وەك شوشتنگەكان و باخچە نایاساییەكانی پێش ماڵان و شێوازەكانی دیكەی بەفیرۆدانی ئاو، هەروەها لیژنەیەكی دیكە لە هەر شەش شارەوانی هەولێر و بەڕێوبەرایەتی ئاو پێكهێنراوه، بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەك گرفتی ئاوی هەبێت و پێویست بە تانكەر بكات، تەنیا سەردانێكی نزیكترین شارەوانی خۆی بكات و لە رێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت، هەروەها لیژنەیەكی مەیدانیش بۆ سەرپەرشتیكردنی لێدانی بیر و دابینكردنی بوودجە بۆ چاككردنەوەی بیرەكان پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر، چارەسەر بكرێت.
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، جهختیشیكردهوه، بڕیارە بۆ مانگەكانی (٧ و ٨ و ٩ و١٠)، سولفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەكان، بكرێتەوە ١٠٠%، بۆ ئەوەی رووبەڕووی كێشەكان ببنەوە، بتوانن گرفتەكانی هاووڵاتییان چارەسەر بكەن و تەواوی دام و دەزگاكانی حكوومەت، پاڵپشتی بەڕێوبەرایەتییەكانی ئاو دەبن.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە