بڵاوکردنەوەی کردەوەکانی داعش لە ڕاگەیاندنەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەدەغە دەکرێت
پەیامی کورد ... بڵاوکردنەوەی کردەوەکانی داعش لە ڕاگەیاندنەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەدەغە دەکرێت
ماوەیەکە تیرۆریستانی داعش لە ھەندێ ناوچەی عێراق دەستیان بە کردەوەی تیرۆریستی کردووە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، داعش ڕۆژانە خەڵکی سڤیل تیرۆر دەکات و پەنای بردووەتە بەر کوشتنی خەڵکی سڤیل.
ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای دووی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "داعش ئێستا ڕۆژانە کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبات، بەڵام بڵاوکردنەوەی کردەوەکانی داعش لە ڕاگەیاندنەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەدەغە کراوە، گرووپی تیرۆریستی داعش تاکتیکی کردەوە تیرۆریستییەکانی گۆڕیوە، پیشتر خەڵک لەلایەن داعشەوە دەگیران، بەڵام ئێستا ھەر ھاووڵاتییەک دەستگیر بکرێت دەکوژرێت، واتە وەک جاران بە دیلی خەڵک ڕاناگرن، بەڵکو ئەوانەی دەکەونە دەست چەکدارانی داعش گوللەباران دەکرێن، بەتایبەتی ئێستا کە جێگەیان بۆ ڕاگرتنی خەڵک نییە."
فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "لەگەڵ زیادبوونی جووڵەکانی چەکدارانی داعش ژمارەشیان زیادی کردووە، سوپا تەنیا لەسەر شەقامی قیر جێگیر کراوە و گوندەکان زیاتر چەکداری داعشیان تێدایە، ئەو چەکدارانەی لەنێو گرووپی تیرۆریستی داعش زیاد بوون ھەموو خەڵکێکیان تێدایە، بەڵام ئەوانەی کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن، زیاتر داعشی عێراقین."
ھێمن ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ھەر لە ناوچەکانی سەرگەڕان و قەرەچۆغەوە تا دەگاتە گەیارەی نزیک مووسڵ جووڵەی داعش زیاد بووە، لە ناوچەکانی پشتی داقووق تا دێتەوە خەرابەڕووت و بای
حەسەن و دووبزیش ژمارەی داعش زیادی کردووە."
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە