بەخشینی مانگانەی سەرۆكی حكوومەت دەدرێتە 3 هەزار و 575ی یەزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش

پەیامی کورد   ...   بەخشینی مانگانەی سەرۆكی حكوومەت دەدرێتە 3 هەزار و 575ی یەزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش

بەخشینی دارایی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبەخشرێتە یەزدییانی ڕزگاربووی دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستانی داعش.

بۆ ماوەی 7 مانگە، 2 هەزار و 128 یەزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش هاوكارییەكە وەردەگرن و پرۆسەی ناوتۆماركردنیش تاكوو 3 هەزار و 575 ڕزگاربوو بەردەوام دەبێ.

بەخشینی سەرۆك وەزیران بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش هەموو ئەندامانی خێزانی ڕزگاربووی گرتووەتەوە و تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی ووڵاتن هاوكارییەكانیان پێ دەگات.

لەو چوارچێوەیەدا لە 5 شوێنی سنووری دهۆك و زاخۆ، بەشێوەی ڕێكخراو و مانگانە بەخشینەكان دابەش دەكرێن و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێ.

لە مانگی تەممووزی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا پڕۆژەكە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوامە.

ئەم هاوكارییە بەردەوامەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی هەستكردنە بەو ئازار و زیانانەی لە هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا بەر كوردانی ئێزدی كەوتووە و بەوهۆیەوە قوربانی زۆریان داوە.


ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە