بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق " هۆشیار زێباری " یە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت
پەیامی کورد ... بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق " هۆشیار زێباری " یە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت
ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەێنێت ، سەرۆک بارزانی ئەم دەست پێشخەرییەی بۆیە ئەنجام دا تاوەکوو گرژی لە نێوان لایەنەکان درووست نەبێت، جەختیش دەکاتەوە ، ھۆشیار زێباری وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.
لەبارەی دەست پێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف، مەحموود موحەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: "ئەو بابەتە دەمێکە لەسەر مێزی گفتوگۆیە لە نێوان سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی شیعی و سوننی، لە ھەموو سەردانەکانی چ لە لایەنەکانی سوننە کردوویانە، چ لایەنەکانی شیعە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دا بۆ ھەولێر کردوویانە، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرۆک کێشەکان چارەسەر بکات، ھەروەھا ھەندێک لایەنی دیکەی عێراقییش ئەم داواکارییەیان ھەبوو، لە کۆبوونەوەی ١٥ ڕۆژ پێش ئێستای مەکتەبی سیاسی پارتیدا زۆر بەوردی باسی لێوە کرا، لەوێدا بڕیارێک درا کە ئەگەر پێویست بکات بە شێوازێک بەرەو پیلی بچین کە تەئسیری ھەبێت، ئەم کێشەیە کێشەی نێوخۆی ماڵی شیعەیە لە ١٠ی١٠ی ساڵی ٢٠٢١ مەجالیان ھەبوو چارەسەری بکەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا چارەسەر نەکراوە و بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە و سەرۆک بارزانییش ئەم دەست پێشخەرییەی ئەنجام دا کە کاک نێچیرڤان بارزانی سەردانی نەجەف بکات و گرژی لە نێوان لایەنەکان درووست نەبێت، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ئەو حکوومەتەی قەرارە دروست بێت، پێک بھێندرێت".
مەحموود محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەوەی کە ھەیە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی داوا دەکەن کە بەشدار بن لە حکوومەت بەبێ مەرج و بەبێ ئەوەی ھیچ ڤیتۆیەک سەبارەت بە ھیچ کەس، یان لایەنێک ھەبێت، دیارە کە چوارچێوەی ھەماھەنگی ڤیتۆی خۆی ڕاگەیاندووە کە دەکرێ چوارچێوە (ایتار) بێتە ناو حکوومەت، بەڵام بەبێ مالیکی، ئەوەی کە ھەیە ئێستا پێویستە باس بکرێت چۆن سیغەیەک بدۆزرێتەوە کە ھەردوولا ڕازی ببن، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەمێنێتەوە تا دەگەڕێنەوە تا بزانین تا چەند نزیکبوونەوە ھەبووە، چوونکە ئەم دەستپێشخەرییە قەرار بوو، زووتر ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دوای ئەوەی قەرار بوو، ھادی عامری، موقتەدا سەدر ببینێت دیار بوو نەیانتوانی، بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە کەوتە ئێستا".
ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەڵێت: "ئەوەی تاوەکوو ئێستا ئێمە بڕیارمان لەسەر داوە ھەر ئەوەیە کە کاک ھۆشیار زێباری وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشکی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری بەربژێر بکرێت و ھیچ شتێکیش لەبارەی کشانەوەی نییە".
دەربارەی سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ھەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ووتەبێژی پارتی گوتی: "قائانی دەمێکە لە بەغدایە و چەندین جاریش ھاتووەتە ھەولێر و سەردانی سەرۆک بارزانی کردووە، داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە ڕۆڵ ببینێت بەھۆی ئەو ڕێزەی لە سەرتاسەری عێراق لێی دەگرن بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەکانی نێو ماڵی شیعە چارەسەر بکات، ھەروەھا بەرپرسی مەلەفی عێراقیشی لەگەڵ بووە کە ناوی دانایی فەر".
ھەر سەبارەت بە یەکخستنەوەی نێوماڵی شیعە، مەحموود موحەمەد دەڵێت: "لەم قۆناغەدا بەرژەوەندی لەوەدایە کە ھەم سووننە و ھەم شیعە و ھەم کورد یەکڕیز بن و پێکەوە ئەم ووڵاتە بەڕێوە بەرن، چوونکە ھەرسێ لا بەرپرسیاریەتی گرینگی نیشتمانی یان ھەیە و لەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە چارەسەر بکرێت، بۆیە سەرۆک بارزانی پێی باش بووە کە نێوماڵی شیعە ڕێک بخرێت، عێراق پێویستی بەم ھەموو شەڕ و گرژی و نەبوونی خزمەتگوزارییە نییە".
پەیوەست بە دوای سەردانەکەی بۆ نەجەف، ئایا نێچیرڤان بارزانی سەردانی ھیچ لایەنێک دەکات، بۆ نموونە لەنێوخۆی ھەرێمی کوردستان نیازی نییە سەردانی یەکێتی بکات، مەحموود موحەمەد، لە ووڵامدا دەڵێت: "تاوەکوو ئێستا ھیچ بەرنامەیەک دانەنراوە و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەو بابەتە، لە مەکتەبی سیاسییش ھیچ بەرنامەیەکی کۆبوونەوەمان نییە".
ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی چووە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ھاوکات شاندێکی سوننەکانیش کە پێک ھاتبوو لە محەمەد حەلبووسی و خەمیس جەنجەر چوونە نەجەف و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆ بوونەوە.
ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە