بەردی بناغەی دوسایدی هەولێر - گوێڕ دانرا
پەیامی کورد ... بەردی بناغەی دوسایدی هەولێر - گوێڕ دانرا
ئەمڕۆ پێنج شەمە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگاری نەینەوا بەردی بناغەی دوسایدی هەولێر - گوێڕ بەدرێژی ٣٥ کیلۆمەتر دانرا، بەرپرسانی هەردوو پارێزگاکەش دەڵێن "پڕۆژەکە ستراتیژییە بۆ ناوچەکە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی پڕۆژەکە رایگەیاند، دووسایدی هەولێر - گوێڕ سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ناوچەکە، بەناوی پارێزگای هەولێر سوپاسى پارێزگار و جێگری پارێزگاری نەینەوا دەکەن کە هەمیشە بەو تێگەیشتنەی لەنێوانیاندا هەیە توانیویانە هەندێک سنوور ببەزێنین کە پێی دەوترێ کێشەی سیاسی لەنێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، ئەو ناوچانە کە ناوچەی کوردستانین لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن بەدڵنیاییەوە پێویستیان زیاتر بەوەهەیە هەماهەنگی نێوان هەردوو ئیدارە زیاتربکەین بۆ ئەوەی خزمەتی زۆرتریان پێشکەش بکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پڕۆژەیە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیە بەدرێژایی ٣٥ کیلۆمەتر جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی هاوولاتییانی ئەو ناوچەیە و گەیشتنیان بەشاری هەولێر، لەهەمانکاتدا فشارێکی زۆریش کە لەسەر ڕێگای هەولێر-موسڵ هەیە کەمدەکاتەوە و دەبێتە بوارێکی دیکەی گرنگیش بوکەرتەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی کە لەوناوچەیەدا لەپەرەسەندندایە".
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو، "خەڵکی ئەو ناوچەیە لەزۆر بواردا بێبەش بوون و لەکاتی هاتنی تیرۆرستانی داعشیش زیانی زۆریان بەرکەوتوە، بۆیە شایەنی ئەوەن کە ئێمە ئیدارەی هەولێر-نەینەوا خزمەتی باشتریان پێشکەشبکەین، بۆ ئەومەبەستەش هەماهەنگی زیاترماندەوێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەی کە لەبواری خزمەتگوزاری لەوناوچەیەدا بوونی هەیە".
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە