بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەورووپا لە سەرووی پێشبینی شارەزایانەوەیە

پەیامی کورد   ...  بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەورووپا لە سەرووی پێشبینی شارەزایانەوەیە


-ئەورووپا لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا پێش ناوچەكانی دیكەی جیهان كەوتووە
-شەڕی ئۆكراین ووڵاتانی ئەورووپایی ناچاركرد پاشەكشە لەبەڵێنەكانیان سەبارەت بە گۆڕانی كەش وهەوا  
ئەورووپا یان دوورگە پیرەكە تا دێت گەرمتر دەبێت، گەرمبوونێك لەسەرووی پێشبینی شارەزایانی كەش و هەواوەیە، بەجۆرێك لە بەرزبوونەوەی خێرای پلەكانی گەرمادا پێش ناوچەكانی دیكەی جیهان كەوتووە، ئەوەش پەیوەستە بەچەند هۆكارێكەوە لەوانە شەڕی ڕووسیا و ئۆكراین.
لە چوارچێوەی تووندبوونی گۆڕانكارییەكانی تایبەت بە كەش و هەوا لە جیهاندا دوورگەی ئەورووپا رووبەڕووی خێراترین بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پلەكانی گەرما لە ئەورووپا بە بەراورد بە پێش شۆڕشی پیشەسازی لە ساڵانی (١٨٥٠-١٩٠٠) ٢.٣ پلەی سەدی بەرزبووەتەوە، واتە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
پلەی گەرمای ڕووی زەوی بە ڕێژەی ١.٢ پلەی سەدی بەرزبووەتەوە، بەڵام بەڕێوبەری دەزگای كەشناسی و كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان، پێتەری تالاس، دەڵێت: ئەورووپا خێراترین ناوچەی جیهانە لەرووی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە.
ئەورووپا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە ڕێژەی ٠.٥ پلە لە هەر دە ساڵێكدا بەخۆیەوە دەبینێت، كە دوو هێندە خێراترە لە تێكڕای پێنج ناوچەی دیكەی جیهان.
ئەیمەن قەدووری ئەندامی یەكیتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت و ژینگە، ڕایگەیاندووە : ئەورووپا و بەتایبەت ووڵاتانی باشوور و ناوەڕاستی ووڵاتەكە لە پێشەنگی لیستی ئەو ووڵاتانەدان كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی خێرابوونی پرۆسەی گۆڕانی كەشوهەوا لە ماوەی تەنها دوو ساڵدا، چوونكە ڕێژەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تێیاندا بەربەستی ١.٥ پلەی سەدی تێپەڕاند.
لەكۆنگرەی كەش وهەوا لە پاریس ساڵی ٢٠١٥ بەربەستی ١.٥ پلە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دانرابوو، بەڵام ئەو بەربەستە تێپەڕیوە، گەیشتووەتەوە ٢.٣ پلە، پلەیەك دەگوترێت رەنگە بۆ ساڵی ٢٠٣٠ پێشبینی كراو بووبێت.
 ئەورووپا لە هاوینی ساڵی رابردوودا گەرما و وشكەساڵییەكی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك بوو لە ماوەی ٥٠٠  ساڵی رابردوودا تۆمارنەكرابوو.
هۆكارەكانی گۆڕانی كەش و هەوا بەپلەی یەك بۆ چالاكییە مرۆڤییەكان دەگەڕێندرێنەوە بەتایبەت وڵاتە گەورە پیشەسازییەكان لە ئەنجامی پێشەسازی نەوت و سووتاندنی خەڵووز.
ئەورووپا هەرچەندە هەڵكەوتە جوگرافییەكەی كاریگەری لەسەر خێرابوونی زیادبوونی پلەی گەرمی هەیە، بەڵام هۆكاری دیكەش كاریگەری راستەوخۆیان هەیە، لەنوێترین هۆكاریش شەڕی ڕووسیا و ئۆكراین ە، بەجۆرێك زۆر ووڵاتی ئەورووپی گەڕاندووەتەوە بۆ پەنابردن بۆ بەكارهێنانی خەڵوز لە دەستكەوتنی ووزەدا بەتایبەت كارەبا، بەهۆی بڕینی ووزە و گاز و نەوتی ڕووسیاوە لەسەر ئەورووپا.
ووڵاتانی ئەورووپا بەڵێن یاندابوو لە كەمبوونەوەی هۆكارەكانی گەرمبوونی زەوی هاوكاربن، بەڵام شەڕی ڕووسیا و ئۆكراین ناچاری كردن ئەو بەڵێنانە پشتگوێ بخەن.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە