بەرهەمێکی سرووشتی لە ھەرێمی کوردستان دەبێتە داھاتی سەرەکی
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری گازی سرووشتیدا دەستی بە کار کردووە و دەیەوێت گازی سرووشتی ببێتە داھاتی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان، چوونکە ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و ئەگەر نەوت لە جیھانیش نەمێنێت، گازی ھەرێمی کوردستان هێندە زۆرە، ھەر دەمینێت.
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، ڕایگەیاند : ''زۆر گرینگە حکوومەت دەستی کردووە بە بەپیشەسازیکردنی گازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی لەسەر خەتە و ھاوکاریی کۆمپانیاکان دەکات بۆ ئەوەی داھاتی گاز بۆ ڕێژەیەکی باش زیاد بکرێت و گازی سرووشتی پێویست بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات، بۆ ئەوەش کاری لەسەر کراوە و دەشکرێت، لەبەر ئەوەی ٧٠% گازی سرووشتی ھەرێم بۆ کارەبایە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی گازی سرووشتی نەسووتێت و بەفیڕۆ نەچێت.''
دکتۆر بێوار خنسی ووتیشی: ''بەردەوام داھاتی گاز لە ھەرێم لە زیادبووندایە و کاری جیددی دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی لە ھەرێم، چوونکە ئەگەر وەکوو خام بفرۆشرێت، یان بەکار بھێندرێت، لە داھاتی نەوت زیاترە، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە گازی سرووشتی.''
خنسی باسی لەوەش کرد: ''ھەرێمی کوردستان هێندە دەوڵەمەندە بە گازی سرووشتی کە بێت و نەوتیش لە جیھاندا نەمینێت، گاز لە ھەرێمی کوردستان ھەر دەمێنێت و شارەزایان باس لەوە دەکەن، ئەگەر بەو شێوەیە داواکاری لەسەر نەوت ھەبێت، ڕەنگە هەر تا٤٠ ساڵی دیکە بمێنێت، بەڵام گازی سرووشتی بەشی ٦٥ ساڵی دیکە دەکات، چوونکە ھەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە گاز و ووڵاتان ھەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کۆمپانیای گەورەوە بێن کار لە بواری گازی ھەرێمی کوردستاندا بکەن، بەتایبەت بۆ کاتی تەنگانە، چوونکە گاز گرینگی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.''
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە