بەرهەم خۆماڵی و ناوخۆییەکان زیاد دەکرێن و پەرەیان پێدەدرێت

پەیامی کورد      ...   بەرهەم خۆماڵی و ناوخۆییەکان زیاد دەکرێن و پەرەیان پێدەدرێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دانانی کارگە و پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵییەوە بەرھەمی ناوخۆیی زیاد بکرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی باش نراوە.

د. موحەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : ''داواکارییەکی زۆر ھەیە لەلایەن ووڵاتانی بیانییەوە کە بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵییەوە، ئێمەش دەمانەوێت خەڵکانێک بێنین بۆ ئەوەی لە بواری تەکنەلۆژیا و بەبازاڕکردنی بەرھەمی ناوخۆییی ھەرێمی کوردستاندا سوودیان لێ وەربگرین.''

د. موحەمەد شوکری ووتی: ''کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان ھاتن بۆ ھەرێمی کوردستان و کارگەیان دامەزراند و بەرھەمی ناوخۆیی ھەبوو، ئەوکات بەرھەمی ناوخۆیی زۆر دەبێت و ڕەوانەی دەرەوەی ووڵات دەکرێت و ھەناردەمان زۆر دەبێت.''

شوکری باسی لەوەش کرد: ''دەمانەوێت بە درووستکردنی کارگە و پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵی، بەرهەمی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕی جیھانی بکرێت.''

ووتیشی: ''کۆمپانیایەکی گەورەی ئیماراتی ھاتبووە ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنیشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ھەرێم و وەبەرھێنان کردووە بۆ ئەوەی کاری وەبەرھێنان بکات، ئەمە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت و لە ماوەی داھاتوودا ئەو ڕێککەوتنانە ئیمزا دەکرێن و دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.''


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە