بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ، هەپەگە گیانی لەدەست دا

پەیامی کورد     ...   بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ، هەپەگە گیانی لەدەست دا

سەرچاوەیەکی ئەمنی تورکیا کوژرانی سەرکردەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” رادەگەینێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەپەگە “موحەمەد ئەمین ئاکینجیی” لە چیای گارە و لە ئەنجامی هێرشێکی تورکیادا کرایە ئامانج.

دوێنێ دووشەممە ١٣-٩-٢٠٢١، ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی تورکی لە زاری ”سەرچاوەیەکی ئەمنی“یەوە بڵاوی کردووەتەوە، موحەمەد ئەمین ئاکینجیی ناسراو بە (جەوهەر)، سەرکردە لە پەکەکە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەپەگە لە چیای گارە کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.

ئەنادۆڵ هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە ئاکینجی لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی سوپا و هەواڵگری تورکیا لە چیای گارە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئاکینجی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە بوو.

هەروەک ئەنادۆڵ بڵاوی کردووەتەوە، موحەمەد ئەمین ئاکینجی لە ساڵی٢٠١١ لە تورکیاوە چووەتە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و دواتر بووەتە یاریدەدەری فەرماندەی پەکەکە لە ناوچەی زاگرۆس و لە ساڵی ٢٠٢٠یشەوە وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەپەگە، رووی لە چیای گارە کردبوو.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە