بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل : "ئەوەی گرینگە ئەوەیە لە پشت پەردەوە چی ڕوودەدات، نەک ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەسەر شانۆ
پەیامی کورد ... بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل : "ئەوەی گرینگە ئەوەیە لە پشت پەردەوە چی ڕوودەدات، نەک ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەسەر شانۆ".
بەگوێرەی باراک ڕەڤید لە ئاکسیۆسەوە: "بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕێککەوتنی نێوان ڕیاز و تاران بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، دەرئەنجامی "لاوازی" ئەمریکا و ڕۆژئاوا و حکوومەتی پێشووی ئیسرائیلە بەرامبەر تاران".
"ئەو ڕێککەوتنە کە هەینی ڕاگەیندرا، دوای هەوڵەکانی نێوەندگیری لەلایەن حکوومەتی چینەوە هات -- دەستکەوتێک کە ئاماژەیەک بۆ ئەمریکا دەنێرێت سەبارەت بە ڕۆڵی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
ئاکسیۆس زیاتر قسەکانی ئەم بەرپرسە باڵایە دەهێنێتەوە و دەنووسێت: "هەستی لاوازی کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەبووە، بووە هۆی ئەوەی سەعوودییەکان بەدوای ڕێگەی نوێدا بگەڕێن". ڕوون بوو کە ئەمە ڕوودەدات”.
ئەم بەرپرسە بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەعوودییەکان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستیان بە دانووستان لەگەڵ ئەوان کردووە کاتێک هەستیان کردووە ئەمریکا پەلە دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
ووتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاند: ئێمە پابەندین بە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لە هەڕەشە و دەرفەتەکانی بەردەم ئیسرائیل و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکۆڵینەوە، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی.
ئەم ووتەبێژە زیادی کرد: هیچ لایەنگری ئاسایشی ئیسرائیل لە سەرۆک بایدن گەورەتر نییە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: حکوومەتی ئیسرائیل نیگەران نییە لەوەی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان سەعوودیە و کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە هەوڵەکانی گەیشتن بە پێشکەوتنەکان بکات کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سەعوودییە.
ئەم بەرپرسە جەخت لەوە دەکاتەوە: "ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە لە پشت پەردەوە چی ڕوودەدات، نەک ڕێککەوتنە دیپلۆماسییەکان لەسەر شانۆ".
لە کۆتاییدا ئاکسیۆس بە گێڕانەوەی ئەم بەرپرسە دەنووسێت: هەڵوێستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی نێوان سەعوودییە و کۆماری ئیسلامی گرینگترە. هەڵوێستی ڕۆژئاوا بەرامبەر ئێران دەستی بە گۆڕان کردووە، بەڵام هێشتا بەس نییە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە