بەرپرسێکی سەربازی سەر بە یەکیتی ٣ گەنجی ڕۆژئاوایی کە نیازی ڕزگاربوونیان لە پەکەکە بوو جارێکی دیکە ڕادەستی ئەو گرووپەیان دەکاتەو
پەیامی کورد ... بەرپرسێکی سەربازی سەر بە یەکیتی ٣ گەنجی ڕۆژئاوایی کە نیازی ڕزگاربوونیان لە پەکەکە بوو جارێکی دیکە ڕادەستی ئەو گرووپەیان دەکاتەوە
٣ گەنجی کورد لە کاتێکدا کە لە کەمپی مەخموور لە ژێر دەسەڵاتداری پەکەکە هەڵدێن لەلایەن سوپای عیراقەوە دەست بەسەر دەکرێن و دواتر لە ڕێگای عەمید رۆکن “ئیدریس” کە بەرپرسێکی سەربازییە لە مەخموور و سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان “یەنەکە”یە،رادەستی پەکەکە دەکرێنەوە.
بە پێی زانیارییەکان ئاشکرا بووە کە هێزەکانی سوپای عێراق لە رێکەوتی ١٠/٧/٢٠٢١، توانیویانە ٣ کەس دەستبەسەر بکەن کە ٢ یان کچ بوون وئەوی دیکەشیان کوڕ بووە، بەڵام هیچ کام لەو کەسانە ناسنامەیان پێ نەبووە و دوای لێکۆڵینەوە لەگەلیان ئیعتراف دەکەن کە لە کەمپی مەخمووری ژێر دەسەڵاتی پەکەکە هەڵاتوون و ویستوویانە بچنەوە ناو بنەماڵەکانیان. هەروەها ئەو ٣ کەسە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن.
سەرچاوەکان ” ناسنامەی ئەو کەسانەیان ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە: “بارین خەلیل حەلی” لەناو پەکەکە بە “جوان نایف تاهر” دەناسرێت، “نەسرین سەلاح شندین” کە لەناو پەکەکە بە “فەراشین سەلاح شندین” دەناسرێت و موحەمەد حاجی کە لە ناو پەکەکەدا بە “زنار موحەمەد ئەمین” دەناسرێت.
لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەو ٣ کەسە دانیان بەوەدا ناوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە تەمەنی ١١ ـ ١٣ ساڵیدا لە قوتابخانەکانی ڕمێلان و سەرێکانی و قامیشلۆ لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون، دواتر نێردراون بۆ دەورەی پەروەردەیی لە شوێنی راهێنانی سەربازی کە پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ چەکدارکردن و ڕاهێنانی سەربازی بۆ مندالانی کردۆتەوە.
هەروەها ئاشکرا بووە دوای ئەوەی کە لە لایەن کاربەدەستانی سەربازی سوپای عێراق پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەو لاوانەوە دەکرێت، بنەماڵەکانیان ئاشکرایان کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا منداڵەکانیان لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون و دواتر هیچ زانیارییەکیان لەسەریان دەست نەکەوتووە، لەبەر ئەوەی پەکەکە ڕێگای بەوان نەداوە کە پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن، هەروەها هیج زانیارییەکیشیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.
سوپای عێراق دەیویست ئەو لاوانە رادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە، بەڵام دوای تەداخولی عەمید رۆکن “ئیدریس” کە بەرپرسێکی سەربازییە لە مەخموور و سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان “یەنەکە”یە، پەیوەندی بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخموور بە ناوی “حەنیفا موستەفا موحەمەد” بە کۆد ناوی “عایشە” دەکات و ئەو ٣ لاوەی کە دەیانویست لە پەکەکە ڕزگاریان ببێت جارێکی دیکە رادەستی پەکەکە دەکرێنەوە.
دەزانرێت کە پەکەکە لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا بەردەوامە لەسەر ڕفاندنی منداڵانی کورد و چەکدارکردنیان، ئەوەش بوەتە هۆی رەخنەگرتن لە پەکەکە لە لایەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، بەڵام پەکەکە بەردەوامە لەسەر رفاندنی منداڵان و بە زۆر چەکدارکردنیان، چەند ڕۆژی ڕابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە و رایگەیاندووە کە پەکەکە بەردەوام منداڵان دەڕفێنێت و بە زۆری چەکداریان دەکات.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە