بەرپرسێکی پێشمەرگە : داعش بە نیازە ئەم شوێنە داگیر بکات
پەیامی کورد ... بەرپرسێکی پێشمەرگە : داعش بە نیازە ئەم شوێنە داگیر بکات
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داعش ھێرشی کردە سەر زیندانی غوێران لە شاری حەسەکە و ژمارەیەکی زۆری داعش لەنێو زیندانەکە ڕایان کرد، حکوومەتی عێراق ھێزەکانی لەسەر سنووری سووریا لە ترسی دزەکردنی داعش خستە ئامادەباشی و بەرپرسێکی پێشمەرگەش ھۆشداری داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی مووسڵ دەدات.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلە، ڕایگەیاند: "پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی لە سنووری ئێمە، ئەویش بەھۆی ڕاکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی داعش لەو زیندانەی ڕۆژئاوای کوردستان، چوونکە داعش مەترسییە بۆ سەر عێراق و ئەو سنوورەی ئێمە تێیداین، دوای تەقاندنەوەی زیندانی غوێران لە حەسەکە، مەترسی ھەیە ئەو داعشانە دزە بکەنە سنووری نەینەوا، زانیاریمان هەیە ئەو داعشانەی سووریا دێنە نێو خاکی عێراق، لەبەر ئەوەی چەندین ناوچەی گونجاو ھەیە بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا حەشار بدەن و خۆ ڕێک بخەنەوە".
بەرپرسەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "پرسی زیندانەکەی حەسەکە، ئێمە بە سیناریۆی دەزانین و پێشبینی دەکەین ڕۆژانی داھاتوو گۆڕانکاری دیکەش بێتە ئاراوە و مەترسی تێکچوونی ڕەوشەکە ھەیە، لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا ھێزی جیاوازی تێدایە لە سوپا و حەشد و ھەسەدە و چەندین ھێزی دیکە".
بابیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەگوێرەی زانیاری ئێمە، داعش دەیەوێ لە سنووری سووریاوە دزە بکاتە نێو عێراق و لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای شەنگال و ناحیەی قەیرەوانەوە بێتە نێو خاکی عێراق، تا دەگاتە ناوچەی کەسکێ و ئاسکی مووسڵ و ناحیەی بادۆش دەرفەت ھەیە بۆ بڵاوبوونەوەی چەکدارانی داعش".
ناوبراو ھۆشداری دا لەوەی داعش زیاتر دەیەوێ ئەو شوێنانە بگرێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ تێیدا گەشەی کرد و دواتر بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیر کرد. ووتیشی: "ھەندێ ناوچە ھەن بۆشایی ئەمنییان ھەیە، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای مووسڵ ناوچەیەکی بیابان دەست پێ دەکات و تا دەگاتە ڕۆمادی کەسی تێدا نییە، داعش ئێستا دەیەوێت ئەو شوێنانە بگرێتەوە و دیسان وەک سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ خۆی بەھێز بکات، چوونکە سەرەتا داعش لەوێ خۆی ئامادە کرد و مووسڵی داگیر کرد، ئەو ناوچەیە بەردەوام شوێنێکی گونجاوە بۆ داعش تا دەگاتە تەلەعفەر و پشتی ناحیەی ڕەبیعە، ئەگەر لایەنی بەرامبەر ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکات، ئێمە ئامادەین ڕێگری لە ھەر جووڵەیەکی داعش بکەین، بەڵام بەداخەوە زۆر جار لایەنی بەرامبەرمان وەک پێویست کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ناکات".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە