بەریتانیا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... بەریتانیا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند
لە دیدارێكدا لەگەڵ سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنسووڵی نوێی بەریتانیا، پشتیوانی ووڵاتەكەی بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە (دیڤید هنت) كۆنسووڵی نوێی بەریتانیا و شاندی یاوەری لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كۆنسووڵی تازە كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكەیدا بۆ خواست، ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لە پێناو سەرخستنی كارەكانیان و زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكان، دەربڕی.
لای خۆیەوە، كۆنسووڵی نوێی بەریتانیا سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و، پشتیوانی بەریتانیاشی بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە