بەشیر حەداد : دووسبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە

پەیامی کورد     ...    بەشیر حەداد : دووسبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پپنجشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە و، هەموو ئەو پڕۆژەیاسایانەی ماون، دەچنە خولی داهاتووی پەرلەمان.

دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، ڕایگەیاند، بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە پێشتر دراوە و زۆرینەی دەنگی بەدەست هێناوە، رۆژی پێنجشەممە كە دەكاتە 7-10-2021 پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، بە مەرجێك هەڵبژاردن رۆژی 10ی 10ی 2021 بەڕێوە بچێت، كە بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، هیچ دانیشتنێك ناكرێت.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ووتیشی: "تا ئێستا هەموو ئاڕاستەكان بەرەو ئەوەن كە هەڵبژاردن دەكرێت و ئامادەكارییەكان تەواو بوون، لەبەر ئەوە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و سیفەتی فەرمیی نامێنێ، هەموو ئەو پڕۆژەیاسایانەش كە ماون، دەچنە خولی داهاتوو، ئەوكات پاش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت ئاگاداریان دەكاتەوە لە بوونی ئەو پڕۆژەیاسایانە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن، كە كامەیان زیاتر پێویستە بەپێی بەرنامەی حكوومەت  و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حكوومەتی نوێ".

بڕیارە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، بە بەشداری نزیكەی 25 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و  سێ هەزار و 249 بەربژێر كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن، لەنێویاندا نۆ كورسییان بۆ پێكهاتەكانە.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە